بڕیارێکی بەغدا لەسەر فەرمانبەرانی ھەرێم جێبەجێدەکرێت

ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ڕونکردنەوە لەبارەی بڕیارێکی حکومەتی ئیتحادیی دەدات کە تایبەتە بەکەمکردنەوەی موچەی فەرمانبەران، تەئکیدیشدەکاتەوە، لەسەری ساڵی نوێیەوە بڕیارەکەی بەغدا ئەو فەرمانبەرانەی ھەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە کە میلاکی حکومەتی عیراقن.

د.فەرھاد قادر ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە تۆڕێ سلێمانی ڕاگەیاند،"لەساڵی نوێیەوە سەرجەم فەرمانبەرانی حکومەتی عیراق ڕێژەی لە٣.٨% لەموچەکانیان دەبڕدرێت".

وتیشی:"ڕێژەی ئەو بڕینە لەموچە سەرجەم ئەو فەرمانبەرانە دەگرێتەوە کە فەرمانبەری عیراقین و لەھەرێمی کوردستان خزمەتدەکەن".

پەرلەمانتارەکەی یەکێتیی تەئکیدی لەوەشکردەوە، "ئەو ڕێژەیەی لەموچەی فەرمانبەرانی عیراق لەپارێزگای کەرکوک دەبڕدرێت دەگاتە نزیکەی ٢٠ ملیار دینار، بۆ ئیدارەی پارێزگاکە تەرخاندەکرێت و پێداویستیە ئەمنیەکانی پارێزگاکەی لێ پڕدەکرێتەوە".

ڕونیشکردەوە، پێشتر بڕیاردرابوو لە٤.٨% لەموچەی سەرجەم فەرمانبەرانی عیراق ببڕدرێت، بەڵام وەکو وتی:"دواتر لەپەرلەمانی عیراق گۆڕانکاریی تێداکراوەو ڕێژەی بڕین لەموچەکە کەمکرایەوە بۆ لە ٣.٨%".

سەبارەت بەئەگەری پابەندنەبونی ھەرێم بەیاسای بودجەی ٢٠١٧ی عیراقیش ئاخۆ حکومەتی عیراق دەتوانێت سکاڵا لەسەر حکومەتی ھەرێم تۆماربکات, د.فەرھاد وتی:"لەئێستادا یاساکە نەخراوەتەوە قۆناغی جێبەجێکردنەوە، بەڵام ھەرکاتێک کار بەو یاسایەکە کرا، دەبێتە ئیلیزامی و دەتوانرێت یەکێک لەلایەنەکان سکاڵا لەسەر لایەنی کەمتەرخەم تۆماربکات".



AM:11:49:17/12/2016