سپی زانیاری لەسەر کۆبوونەوەیەکی نهێنی نێوان گۆڕان و یەکێتی بڵاودەکاتەوە

سەرەتای ئەم هەفتەیە یەکێتی و گۆڕان بۆ یەکخستنی هەڵوێستیان لەمەڕ گفتوگۆکردن لەگەڵ پارتی کۆبوونەتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگاداری یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە سپی راگەیاند" رۆژی شەممە ١٢/١٧ وەفدێکی باڵای گۆڕان و وەفدێکی باڵی زۆرینەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە سلێمانی بە دوور لە چاوی کامێرا کۆبوونەتەوە".

 سەبارەت بەشوێنی کۆبوونەوەکە، سەرچاوەکەی سپی ئاشکرای کرد کۆبوونەوەکە لە دەباشان لەماڵی تاڵەبانی سازکراوەو لەلایەن باڵی زۆرینەی مەکتەبی سیاسی یەکێتیەوە، هێرۆ ئیبراهیم و رەفعەت عەبدوڵا و عیماد ئەحمەد بەشداریان کردووەو، وەفدی گۆڕانیش پێکهاتوون لە عومەری سەید عەلی و عوسمانی حاجی مەحمودو تۆفیق رەحیم.

ناوەرۆکی کۆبوونەوەکەش لەسەر پرسی هاتنی وەفدی پارتی بووە بۆ سلێمانی کۆبوونەوەی لەگەڵ یەکێتی و گۆڕان، وەک سەرچاوەکەی ( سپی )یش ئاشکرای کرد، ئەو کۆبوونەوە نهێنییەی رۆژی شەممەی دەباشان لەسەر یەکخستنی تێڕوانینی هەردوولا بووە لە گفتوگۆکانیان لەگەڵ پارتی.

دوێنێ دوو شەممە ١٢/١٩ وەفدی پارتی دیموکراتی کوردستان سەردانی سلێمانیان کردو بە جیا لەگەڵ یەکێتی و گۆڕان و بزووتنەوەی ئیسلامی کۆبوونەوەو تێكڕای کۆبوونەوەکان لەلایەن هەر چوار لایەنەوە بۆ هەنگاوێکی پۆزەتیڤ ناوزەد کرا.
 





ئه‌م بابه‌ته 6063 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

AM:11:34:20/12/2016