سەرۆکی فراکسیۆنەکانی کورد لە بەغداو حکومەتی هەرێم دیالۆک دەکەن

سبەی ١٢/٢١ لەهەولێر سەرۆکی فراکسیۆنەکانی کورد لەبەغداو جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەگەل حکومەتی هەرێم کۆدەبنەوە بۆ دیالۆککردن لەسەر یاسای بودجەی عێراق.

ئەحمەد حاجی رەشید پەرلەمانتاری کۆمەڵ و بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە سپی راگەیاند" هەموو لایەنەکان لەبەر قوتی هاولآتیانی کوردستان دەچین بۆ ئەو کۆبوونەوەیە، هاوکات ئارام شێخ محەمەد جێگری سەرۆکی پەرلەمانیش لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکان بەشداری کۆبوونەوەکەی سبەینێ دەکات".

بڕیاردەری لیژنەی دارایی وتیشی " کۆبوونەوەی سبەینێ کۆبوونەوەیەکی دیالۆک و گۆڕینەوەی زانیاری و داتا دەبێت لەنێوان هەردوو لادا ".

ناوبراو جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەوان دوای کۆبوونەوەکە رای گشتی لە رێگای میدیاکانەوە لە ئەنجامی کۆبوونەوەکە ئاگادار دەکەنەوە.

هەفتەی رابردوو ئەنجومەنی وەزیران داوای لە سەرۆکی فراکسیۆنە کوردیەکانی پەرلەمانی عێراق کرد بۆ کۆبوونەوە، بەلآم وەک ئەحمەدی حاجی رەشید ئاماژەی بۆ کرد، ئەوان ئەو بانگهێشتەیان بۆ ئەوەبوو کە ئێمە وەک گوێگر دابنیشین و هیچ نەڵێن، " بۆیە بەدەم داواکەیانەوە نەچووین، کۆبوونەوەی سبەینێ دیالکۆ دەبێت لەنێوان هەردوولادا".

ئەمڕۆ فراکسیۆنە کوردیەکانی پەرلەمانی عێراق بەبێ پارتی لەسلێمانی کۆبوونەوەو بڕیاریان دا بەشداری کۆبوونەوەی سبەینێی لەگەڵ حکومەتی هەرێم بکەن.

هەفتەی رابردوو چوار شەممە ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێم کۆبوونەوەو سەرجەم لایەنە بەشداربووەکانی حکومەتی هەرێم ( یەکێتی و یەکگرتوو و کۆمەڵ) دژی تێروانینەکانی فراکسیۆنەکانیان لە بەغدا وەستانەوە کە لە یاسای بوودجەدا جێگیرکرابوون.   



PM:08:27:20/12/2016