بەهۆی بۆردومانەكانی توركیا لە دوو رۆژدا 88 سوری كوژراون

ڕوانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ ڕایگەیاند بە هۆی بۆردومانەكانی توركیا لە سوریا لە ماوە ٢٤ كاتژمێری ڕابردوودا   ٨٨ هاوڵاتی مەدەنی كوژراون، ئەوەش بە گەورەترین كۆمەڵكوژی توركیا لە ناو خاكی سوریا دادەنێت.

ڕوانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ ئەمڕۆ ٢٣ی كانوونی یەكەم ڕایگەیاندووە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی لە بۆردومانێكی توركیادا لە شاری باب ١٦ هاوڵاتی مەدەنی كوژراون.

ڕوانگەی سوری ڕاشیگەیاندووە، ئەمەش لە كاتێكدایە ئێوارەی دوێنێش بە هۆی بۆردومانەكانی توركیاوە ٧٢ كەس كوژراون كە ٢٤ یان منداڵ بوون.

ڕوانگەی سووری  ڕایگەیاندووە ئەو كەسانەی كوژراون ئەندامی ٩ خانەوادەبوون و ژمارەی گیان لەدەستدانی هاوڵاتیانیش بەهۆی سەختی برینەكانیان و نەبوونی پێداویستی تەندروستی لە ناوچەكەكانیان ڕوو لە زیادبوون دەكات.

ڕوانگەی سووری  ڕایگەیاندووە بۆردومانەكە بە " گەورەترین كۆمەڵكوژی فڕۆكەكانی توركیا لە خاكی سوریا " دادەنرێت.
ڕێكخراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە، هاوكات لەگەڵ كوژرانی ئەو منداڵانەدا،  ئەردوغان لە توركیا چاوی بە بانا عەبد كچە منداڵی سووری كەوتووە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە ناوچە گەمارۆدراوەكانی ڕۆژهەڵاتی شاری حەلەبەوە لەگەڵ خێزانەكەیدا گواسترابووەوە و لەو بارەوە  نوسیویەتی " ئایا ئەردۆغان بەمشێوەیە لە مرۆڤایەتی تێدەگات؟".

هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی سوریا بە پشتیوانی هێزەكانی توركیا لە بەرواری ٢٤ ی مانگی ئابی ساڵی ٢٠١٦دا سنوری سوریایان بەزاند و ئۆپراسیۆنێكیان لە ژێر ناونیشانی " قەڵغانی فوڕات" بە ئامانجی شەڕی داعش و پاشەكشێكردن بە هێزە كوردیەكان لە ڕۆژئاوای كوردستان دەستپێكرد و شارۆچكەی جەرابلوس و ناوچەكانی باكور و باكوری ڕۆژهەڵاتی نزیك شاری حەلەبیان كۆنتڕۆڵكردەوە و لە ئێستاشدا لە هەوڵی كۆنتڕۆڵكردنەوەی شارۆچكەی بابدان .



PM:04:35:23/12/2016