٢٥ بەڕێوەبەر و یاریدەدەر لە پەروەردەی شارەزوور دەستیان لەكاركێشایەوە

ئەمڕۆ 26/12 ژمارەیەک لە بەڕێوەبەر و یاریدەرەکانی سنوری پەروەردەی شارەزوور لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی شارەزوور گردبونە وە و لە بەیاننامەیەکدا دەست لەکارکێشانەوەی خۆیان راگەیاند.

بەشداربووان كە لە 16 بەڕێوەبەر‌و 9 یاریدەدەر پێكهاتوون، لە بەیاننامەكەدا دەنوسن "ئێمە نامانەوێ جێگەی بەزەیی بین  یاخود وەک قوربانی سەیر بکرێین، بەڵکو ئێمە وەک بەدەستهێنانی تاجی شەرەف وکۆڵنەدان لە بڕیارەکەی خۆمان دە ڕوانین".

  ئەمەش دەقی بەیاننامەکەیە:

بەڕێزان ئێمە وەک بەشێک لە بەڕێوەبەر و یاریدەدەرەکانی سنووری پەروەردەی شارەزوور کە پێکدێین لە ( 16 ) بەڕێوەبەر و ( 9 ) یاریدەدەر، ئەمڕۆ دووشەمە 26/12/2016 دەست لەکار کێشانەوەی بە کۆمەڵمان پێشکەشی بەڕێوەبەری پەروەردە کردوە، لەژێرڕۆشنایی ئەم خاڵانەی خوارەوە:

1-دوای( 3 ) مانگ لە بایکۆت و خۆپیشاندان هیچکام لە داوا ڕەواکانمان جێ بەجێ نەکراوە.

2-ئێمە هەر لەسەرەتاوە بەڵێنمان بە کەسایەتی و ئەخلاقیاتی پیشەیی خۆمان و مامۆستایان و خوێندکارە ئازیزەکانمان دابوو ، کە وەک بەڕێوەبەر و یاریدەدەر ناگەڕێینەوە سە ر کارەکانمان ئەگەر هاتوو وەڵامی ئەرێنیمان نەدرایەوە ، ئەم دەست لەکارکێشانەوەش لەپای پاپەندبوونمانە بە بەڵێنە کانمانەوە .

3- ئێمە نامانەوێ جێگەی بەزەیی بین  یاخود وەک قوربانی سەیر بکرێین، بەڵکو ئێمە وەک بەدەستهێنانی تاجی شەرەف وکۆڵنەدان لە بڕیارەکەی خۆمان دە ڕوانین.

4-دەیسەلمێنین بۆ هەموو لایە ک کە ( فشار و سیناریۆ و کورسی پەرستی ) ناتوانن ڕێگر بن لە بەردەم بوێری و هەڵوێستی مەردانەمان .

5- بەمامۆستاو خوێندکاران و دۆستەکانمان ئەڵێین : ئەو وانەیەی ( 3 ) مانگە بەتیۆری ئەیڵێینەوە ، ئەمڕۆ کردمان بە پڕاکتیکی کە وانە ی( ناکردن ) ە  بەرامبەر ستەمکاران و سووربوونە لە سەر  وەرگرتنی مافی ڕە وای خۆمان .



PM:01:49:26/12/2016