سپی زانیاری ورد لەسەر بکەری دوو تەقینەوەکەی کۆیە بلآودەکاتەوە

بکەری سەرەکی ئەو دوو تەقینەوەی لە دژی بارەگای حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە شەوی ١٢/٢٠ ئەنجامدرا کوردە و خەڵکی رۆژهەلآتی کوردستانە. 

سەرچاوەیەکی ئەمنی ئاگادار بە سپی راگەیاند " ئەو کەسەی لە راگەیاندنەکەی ئەمڕۆی ئاسایش بە بکەری سەرەکی هەردوو تەقینەوەکەی بارەگای حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران تۆمەتبارە، کوردەو خەڵکی پیرانشارە".

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە ئاسایش لەسەر رووداوەکە سێ کەسی دەستنیشان کردووە، دوانیان کە کارئاسانیان بۆ ئەو کەسە کردووە، دەستگیرکراون، سێهەمیان کە ئەنجامدەری سەرەکییە، ئەندامی حیزبی دیموکراتەو لەکاتی رووداوەکەدا تەرمی شەهید و بریندارەکانی هەڵگرتۆتەوەو، دوای رووداوەکە هەڵهاتووەو گەیشتۆتەوە خاکی ئێران.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە ئەنجامدەری سەرەکی تاوانەکە گەیشتۆتەوە ناو ئێران و لە ئەسڵدا خەڵکی پیرانشارە.

شەوی ١٢/٢٠ لە کۆیە بە دوو تەقینەوە بارەگای حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران باڵی ( عەبدولآی حەسەن زادە ) کرایە ئامانج و لە ئەنجامدا هەشت کەس بوونە قوربانی کە دوانیان ئاسایشی سەر بەحکومەتی هەرێم بوون و ژمارەیەک لایەنگری ئەوحیزبەش برینداربوون.
 


PM:10:24:26/12/2016