مالیكی: دەبێت كورد بكشێتەوە بۆ سەردەمی برێمەر

جێگری سەرۆك كۆماری عێراق مالیكی رایگەیاند دەبێـت كورد بگەڕێتەوە بۆ ئەو سنورەی كە لەسەردەمی حكومەتی ئینتیقالی (راستەوخۆ سەردەمی دوای روخانی سەدام كە برێمەر حكومی دەكرد‌و ئەنجومەنێكی كاتیی هەبوو)دا پەسەند كرابوو.

نوری مالیكی بە رۆژنامەی ویفاق ئێرانی وتووە: پێویستە هەر بستێكی خاكی عێراق بگەڕێتەوە بۆ ژێر دەسەڵاتی حكومەت‌و، هەرێمی كوردستانیش دەسەڵاتەكەی بگەڕێتەوە بۆ ئەو سەردەمەی كە ئەنجومەنی ئینتیقالی حوكمی دەكرد.

مالیكی جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە دەبێت بەپێی دەستور مامەڵە لەگەڵ ناوچە تازە ئازادكراوەكان بكرێت، هاوكات دوای ئازادكردنی موسڵ پێویستە گفتوگۆ لەگەڵ هەندێ لە فراكسیۆنەكاندا بكرێت بۆ گەڕانەوەی بنیاتنانەوەی یەكێتی عێراق.

مالیكی هەڕەشە لە سعودیەش دەكات‌و دەڵێت: ئەو وڵاتە دەبێت بەهەر نرخێك بێت باجی پاڵپشتیكردنی تیرۆر بداتەوە، ئەمرۆ ئەو باجە لە یەمەن دەداتەوە‌و ئەمەریكا‌و ئەوورپاش دەزانن كە سعودیە سەرچاوەی تیرۆرە هیوادارین حكومەتی ریاز پەندی لە هەڵەكانی وەرگرتبێت.



PM:03:54:04/01/2017