ئێران داوا دەكات زمانی فارسی ببێتە دووەم زمانی فەرمی لەعێراقدا

پەرلەمانتارێكی عێراق ئاشكرایدەكات كە ئێران هەوڵی ئەوە دەدات كە زمانی فارسی بكاتە دووەم زمانی فەرمی لە عێراقدا.

لەمبارەیەوە ئیسلام حوسێن، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاندوە: "بەرنامە و پلانی ئێران زۆر لاواز بووە، بۆیە بەدوای شتێکدا دەگەڕێت کە دەیەوێت ورووژاندن بکات، ئەگەرنا سەر ناگرێت، بۆ نموونە، ئێستا باسی ئەوە کراوە کە زمانی فارسی بکرێتە دووەم زمان لە عێراقدا، بەو بەڵگەیەی گوایە لە باشووری عێراق وەک دووەم زمان مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، لە کاتێکدا ئەم هەوڵە سەر ناگرێت”. جەختیشی کردەوە: "نە سوننەکان و نە کورد لەگەڵ ئەم پڕۆژەیەدا نابن".

ئەوەشی ڕوون کردەوە: "بیرهێنانەوەیەک بۆ خەڵکی کوردستان، کاتی خۆی نووری مالیکی لە کۆبوونەوەیەکدا وتی، (ئێمە لەمەودوا بە ڕێژەی زۆرینە لە پەرلەمان مامەڵە دەکەین و هەموو بڕیارەکان دەدەین)، بۆیە مەترسی دەکرێت مالیکی لەو ڕوانگەوە بیەوێت ئەوە بکات کە چاوەڕوان ناکرێت سەرکەوتوو بێت، چونکە ئێمە پەنا دەبەینە بەر کۆمەڵگای نێودەوڵەتی". گوتیشی: "ئەوەی دەکرێت پیلانێکی تازەیە بۆ بچووکردنەوەی قەبارەی کورد لە عێراق".

هەر لەمبارەیەوە سەلام خۆشناو، بریکاری وەزیری خوێندنی باڵای عێراق ڕایگەیاند، لە میدیاکانەوە ئەو بابەتەیان بیستووە، بەڵام: "ئێستا بە شێوەیەکی فەرمی هیچ شتێکی فەرمیمان لەمبارەیەوە پێ نەگەیشتووە".



PM:03:16:05/01/2017