ژنێک لە هەولێر: مێردەکەم بەم شێوەیە خیانەتی لێکردم

ژیلەمۆ عەبدولقادر بەڕێوەبەری توندوتیژی دژی ژنان، لە وتاری ئەمجارەیدا چەندین چیرۆکی خێزانی دەگێڕێتەوە.

ژیلەمۆ لە وتارێکیدا بۆ ڕووداو دەڵێت " ژنێك دەڵێت لە تەنیشت مێردەكەم دانیشتبووم، نامەیەك بۆ مۆبایلەكەم هات نووسیبووی تەلەفۆنم بۆ بكە، بەڵام پێش ئەوەی تەلەفۆنی بۆ بكەم، یان مێردەكەم دڵنیا بێتەوە كە ئەوە كەسێكی بێزاركەرە، بڕیاری خۆی دا و گوتی ناپاكییت لێكردووم."

هەروەها چیرۆکێکی دیکە دەگێڕێتەوە و نوسیویەتی " ژنێكی دیكە دەڵێت، مێردەكەم بەردەوام سەری شۆڕ كردبووەوە سەر مۆبایلەكەی، كاتێك مۆبایلەكەی كەوتە دەستم، بینیم چەندین وێنەی نەشیاوی ئەو ئافرەتانەی تێدایە كە پەیوەندییان لەگەڵ مێردەكەم هەیە. بۆیە داوای جیابوونەوەم كرد".

ئەو بەردەوام دەبێت لە گێڕانەوەی چیرۆکەکانی مۆبایل و نوسیویەتی " ژنێكی دیكە گرفتاری دەردی خۆیەتی، مێردەكەی تاوەكو درەنگانی شەو سەرقاڵی چاتكردنە. دەڵێت "من هیچ لە فەیسبووك نازانم، بەڵام ئەوەندە دەزانم مێردەكەم منی بە قوربانی فەیسبووك كردووە، بۆیە چیدی بەرگە ناگرم و جیادەبمەوە".

باسی لەوەشکردووە پیاوێك بەدەست ساردوسڕیی ژنەكەیەوە گیرۆدە بووە، بۆیە دەڵێت كاتێك ئامێرێكی ریكۆردم لەنێو ئۆتۆمبێلەكەی دانا، دەركەوت كە پەیوەندی لەگەڵ كەسێك هەیە. هەرچەندە قسەكانیان لە چوارچێوەی هاوڕێیەتییە و هێڵی سووری نەبەزاندووە، بەڵام چیدی بەرگەی ساردوسڕیی ژنەكەم ناگرم، دەمەوێ‌ تەڵاقی بدەم



ئەو نوسیویەتی "جاران ناپاكیی هاوژینی زۆرتر ئەوە بوو كە ژن و پیاو پێكەوە بەچاو ببینرێن، بەڵام ئامێرەكانی گەیاندن و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، تێڕوانینی خەڵكی بۆ ناپاكیی هاوژینی گۆڕیوە. مەرج نییە هەموو قسەكردنێك و پەیوەندییەك لە رێگەی مۆبایل و تۆڕە كۆمەڵاتییەكان لەگەڵ رەگەزی بەرامبەر خیانەت بێ‌، رەنگە زۆرجار تەنیا وەكو دوو هاوڕێ‌ قسە لەگەڵ یەكدی بكەن، بەڵام زۆر كەس ئەوە بە خیانەت و ناپاكی دەزانێ‌ و لە هاوژینەكەی جیادەبێتەوە".

باسی لەوەشکردووە ئەگەر بۆ یاسا بگەڕێینەوە، یاسایەكی تایبەت هەیە بە ناوی یاسای ژمارە (6)ی ساڵی 2008 ، یاسای قەدەغەكردنی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن لە هەرێمی كوردستان. كاتێك كێشەكان دەبێتە سكاڵا، ئەوا بەپێی ئەم یاسایە بەدواداچوون بۆ سكاڵاكە دەكرێ‌، بەڵام لایەنەكان بڕوایان بەمە نییە كەوا لایەنەكان تەنیا بە خراپی مۆبایل یان تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیان بەكارهێنابێ‌ ، بەڵكو ئەو نامە و قسانەی بە چات و دەنگ كردوویانە بە ناپاكی هەژماری دەكەن و داوای جیابوونەوە دەكەن.
جەخت لەوەشدەکاتەوە ماددە 377 لە یاسای سزادانی عێراقی ناپاكیی هاوژینی روونكردووەتەوە و دەڵێت "بە گرتن سزا دەدرێت ژنی زیناكار و ئەوەی زینای لەگەڵ كردووە". بۆیە هەموو قسە و گفتوگۆیەك ناچێتە خانەی ناپاكییەوە.



PM:09:02:07/01/2017