مەکتەبی سیاسی یەکێتی، بەبێ بەرهەم ساڵح کۆدەبێتەوە

بەمەبەستی ئامادەکردنی پرۆژەیەک بۆ چارەسەرکردنی پرسە سیاسیەکانی کوردستان، ئەمڕۆ مەکتەبی سیاسی یەکێتی بەهەردوو باڵی ( زۆرینە و ناوەندی بڕیار )، بەبێ د. بەرهەم ساڵح کۆدەبنەوە.

سەرچاوەیەکی باڵای یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە سپی راگەیاند" رەشنووسی پرۆژەیەک بۆ چارەسەکردنی بنەڕەتی کێشە سیاسی و ئابوری و یاساییەکانی هەرێم ئامادەکراوەو لەو کۆبوونەوەیەدا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت و بڕیاری لەسەر دەدرێت".

كۆبوونەوەكەی ئەمرۆ بە ئامادەبوونی ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و جێگرانی سكرتێری گشتی دەبێت و بڕیارە لەماڵی كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی (ی.ن.ك) بەڕێوەبچێت، بەڵام بەرهەم ساڵح جێگری دووەمی سکرتێری گشتی، بەشداری کۆبوونەوەکە ناکات.

سەرچاوەکەی سپی هۆکاری بەشداری نەکردنی بەرهەم ساڵحی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی ناوبراو لە دەرەوەی وڵاتە.

ئەم کۆبوونەوەیە دوای ئەو سەردانە دێت کە دوو رۆژ لەمەوبەر، هێرۆ ئیبراهیم ئەندامی دەسترۆشتووی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەگەڵ بافڵی کوڕی بۆ ماڵی کۆسرەت رەسوڵ جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی یەکێتیان لە سلێمانی ئەنجامدا.

پێشبینی دەکرێت، وەفدی پارتی دیموکراتی کوردستان خوولێکی تری گفتوگۆکان لەگەڵ لایەنەکان دەستپێ بکاتەوەو ئەمجارە پارتی پرۆژەی خۆی بۆ چارەسەرکردنی بارودۆخەکە ئاشکرا دەکات، کە رەنگدانەوەی پەیامەکەی ٢٠١٦/١١/٢٠بارزانی بارزانی دەبێت.  



AM:11:37:10/01/2017