یەكێتی نیشتمانی بۆ چارەسەری قەیرانی هەرێم پرۆژەیەک ئاراستەی پارتی دەكات

وەفدی باڵای گفتوگۆی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان و بەتایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، پرۆژەیەکیان بەمەبەستی چارەسەرکردنی قەیرانەکانی هەرێم ئامادەکردووە و تێیدا باس لە ئایندەی بارزانی و چاکسازی ئابوری و چەندین کێشەی هەڵپەسێردراوی تر کراوە.

یەکێتی لەو پرۆژەیەیدا باسی لە پەیوەندییەکانی نێوان خۆی و پارتی کردووە و دەڵێت '' پەیوەندی ستراتیژی نێوان هەردوولا یەکاڵا بکرێتەوە یاخود کۆتایی پێبهێندرێت یان ئەوەتا لەسەر بنەمای هاوسەنگی پەرەی پێبدرێ''.

یەکێتی پێیوایە پەلەکردن لە چارەسەرکردنی کێشەکان لەنێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێم یارمەتیدەر دەبێت لە پتەوکردنی پەیوەندی یەکێتی و پارتی.

لەبەشێکی تری پرۆژەکەی یەکێتیدا باس لە ئایندەی مەسعود بارزانی کراوە، یەکێتی بۆ ئەو مەبەستە سێ پێشنیاری ئامادە کردووە کە ئامەنەن:

یەکەم: دوای رێکەوتن لەسەر کۆی کێشە یاسایی و سیاسی و ئابوری و حوکومڕانیەکان، هەتا هەڵبژاردنی داهاتوو بارزانی بەسەرۆکی هەرێم بمێنێتەوە.

دووەم: رێکەوتنی زۆربەی لایەنەکان لەسەر کاندیدکردنی سەرۆکێکی بێ لایەن.

سێیەم: دروستکردنی دەستەیەکی سەرۆکایەتی لەلایەنە سیاسیە بنەڕەتیەکان هەتا هەڵبژاردنی داهاتوو.

لەبارەی سەرۆکایەتی پەرلەمانیشەوە، لە پرۆژەکەی یەکێتیدا هاتووە '' بۆ گۆڕانکاری سەرۆکایەتی پەرلەمان و پێکهێنانەوەی کابینەی نوێی کارای گونجاو لەگە کێشە و هاوکێشەکان، چۆنیەتی دامەزراندنەوەیان، هاوئاهەنگی چارەسەری پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم و سیستەمی پەرلەمان و یاسای سەرۆکایەتی، لەسەری رێک بکەوین.

خاڵێكی تری پرۆژەکەی یەکێتی بریتیە لە بودجەی حکومەت و موچەی فەرمانبەران، یەکێتی بۆ ئەم مەبەستە تێبینی و پێشنیاری خۆی خستووەتە ڕوو، کە دەڵێت '' کێشەی بودجو و موچە ، زادەی سەرجەم کێشە ئابورییەکانی هەرێم سیستەمی نەگونجاوی دەسەڵاتدارییە، بەڵام چارەسەرکردنی کێشەی موچە و موچەی پاشەکەوت کراو، ئەرکێکی ئابوری و کۆمەڵایەتی گەورە، بۆیە، چارەسەرکردنی موچە لە پێشینەی ئەرکەکانەوە، کە پێمانوایە، گۆڕانکاری لە سیستەم و سیستەمی باج بەتایبەتی باجی کۆمپانیا گەورە و مامناوەندەکان، فرۆشتنی ئەو سەدان هەزار دۆنم ئەرزی دەستی بەسەردا گیرا، دۆخی موچە ماوەیەک چاکتر دەکات هەتا قەیرانی ئابوری لەناوچەکە و نرخی نەوت چاک دەبێتەوە''.

یەکێتی بەباشی دەزانێت کە هەرێمی کوردستان بەپەلە خۆی بۆ گۆڕانکارییە ئیقلیەمییەکانی ناوچەکە ئامادە بکات بەتایبەتی لە کاتێکدا کە داعش بەرەو نەمان و لەناوچوون دەچێت و بەپێویستی دەزانێت چارەسەری کێشە ناوخۆییەکان بکرێت بەوپێیەی مەرجی سەرەکی خۆ ئامادەکردنە بۆ ئەگەرە چاوەڕوانکراو یان نەکراوەکان.

یەکێتی لەبەشێکی تری پرۆژەکەیدا باس لە کێشەی ئابوری دەکات و ئاماژە بەوە دەکات '' کێشەی ئابوری تەنها گرێدراوی نەوت و گاز نیە، بەڵكو کێشەکە لە سیستەمی حوکومڕانی دواکەوتودایە، لەنەبونی ژێرخانی ئابوری هاوچەرخ و نەبونی سیستمی بانکی پێشکەوتووە، لە نەبوونی متمانەیە لە نیوان سەرمایەدار و هاوڵاتیان و ئابورییەکی سەقامگیری کوردستان.

بۆ ئەم مەبەستەش، ستراتیژی ئابوری هاوچەر بۆ کوردستان بە تاقە دەستەبەری دوورمەودا دەزانێت کەن ئەوەی تەنها پشت ببەسترێت بە بودجەی حکومەتی ناوەند و رێژە و داهاتی هەناردەی نەوت و گاز.

لەباسی نەوت و گازدا، یەکێتی دەڵێت '' نەوت و گاز بە بێ سیستەمێکی حوکومڕانی پێشکەوتوی چاودێریکراو لەبری ئەوەی بکرێتە مایەی بوژاندنەوە، دەبێتە کانگای تەنگوچەڵەمە.

هەروەها سیاسەتی نەوت و گاز بە سەرنەکەوتوو وەسف دەکات و دەڵێگ '' سیاسەتی نەوت و گاز، لەبەر گەلێ هۆ، لە پێشەوەدا قەیرانی ئابوری و داشکاوی بەهای نەوت، ئینجا سیستەمی حوکومڕانیەوە، وەکو بەڵێن دەدرا سەرنەکەوتووە ، کاتێتی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان تەرخانبکرێ بۆ ئیدارە و چەسپاندنی یاسا و رێسا، لەسایەیدا کۆمپانیای نەوت و کۆمپانیای گاز و چیتر کۆمپانیا پێویستن، دابمەزرێ.

بڕیارە ئەمڕۆ مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەمەبەستی تاوتوێکردنی پرۆژەکەی خۆی لەماڵی کۆسرەت رەسول عەلی جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتیمانی کۆببێتەوە و سبەینێش لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبونەوە ئەنجامبدات.




PM:02:36:10/01/2017