حكومەتی هەرێم بڕیارێكی نوێی دەركرد

حكومەت هەرێمی كوردستان بڕیارێكی نوێ لەسەر تاپۆكردنی خانووەكانی قەزای رواندز دەركرد‌و بۆ هەر مەترێكیش هەزار دینار وەردەگرێت.

لەمبارەیەوە نەجات مەجید، سەرۆكی شارەوانی رواندز بە دواڕۆژی راگەیاند "دیارە پێشتر بەهۆی چەند گرفتێكەوە هیچ خانوویەكی قەزای رواندز مامەڵەی تاپۆكردنیان بۆ ئەنجام نەدەدرا و لەو رووەوەش گرفت بۆ هاووڵاتیان دروست ببوو، بۆیە ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا كە خانووەكانی ئەو قەزایە تاپۆ بكرێن و ئێستاش هەنگاوی كرداری بۆ ئەو مەبەستە دەستپێكردوە".

ئاماژەی بەوەشدا كە ئێستا لیژنەیەك لە شارەوانی رواندز و تۆماری خانوبەرە پێكهاتووە و ماوەی چەند رۆژێكیشە لە گەڕەكی پاشای گەورە ;دەستیان بە ئەنجامدانی رووپێوی خانووەكان كردوە.

وتیشی "بۆ هەر مەترێك بڕی هەزار دینار دانراوە، بەڵام تائێستا جێگە بازرگانییەكان یەكلانەبوەتەوە كە بۆ هەر مەترێك چەند پارە وەردەگیرێت".

باسی لەوەشكرد كە ژمارەی ئەو خانووانەش كە تاپۆ دەكرێن خۆی لە سێ‌ هەزار خانوودا دەبینێتەوە كە پێشتر حكومەت بەهۆی چەند كێشەیەكەوە رێگەی بە تاپۆكردنی ئەو خانووانە نەدەدا و ژمارەیەكی زۆریشیان مێژووی دروستكردنەكەیان دەگەڕێتەوە بۆ پێش ڕاپەرین.
وتیشی "لەسەردەمی رژێمی بەعس حكومەت بڕیارێكی دژی دانیشتوانی قەزای رواندز دەركردبوو ڕێگەی نەدەدا هیچ خانوویەك تاپۆ بكرێت".



AM:10:41:11/01/2017