پارتی: گەریلایەكی پەكەكە بەدەست خەڵكی گوندێكی هەڵەبجە كوژرا

ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان بڵاویكردەوە ئەمرۆ تێكهەڵچوون لەنێوان گەریلاكانی پەكەكە ‌و گوندێكی شاری هەڵەبجە دروستبوو كە لەئەنجامدا گەریلایەك گیانی لەدەستداوە.

لەمبارەیەوە فاروق عەبدولكەریم، بەرپرسی دەزگای رۆشنبیری‌و راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە شاری هەڵەبجە بە ماڵپەڕی فەرمی حیزبەكەی راگەیاند: "چەكدارانی پەكەكە لە گوندی مۆردین لە شاری هەڵەبجە لەگەڵ خەڵكی بەشێك لە دێیەكە ڕووبەڕوو بوونەوە و چەكدارێكی پەكەكە كوژراوە".

وتیشی: "ئێستا پەكەكە دۆسیەكەی بردووەتە قەندیل و لەوێ دەیانەوێت سوڵح بكەن".

دەشڵێ: "پەكەكە لە هەندێك ناوچەی هەورامان و هەڵەبجە بازگەی داناوە و گومرگ لە خەڵك وەردەگرێت، لە هەندێك شوێنیش بە چەكەوە هاتوچۆ دەكەن".

ئەوەیشی خستە روو، دەبێت ئیدارەی ئەم شارە بە زوویی لە مەترسیی پەكەكە لە سنوورەكە ئاگادار بكرێتەوە.



PM:04:12:15/01/2017