وادەی مووچەی مامۆستایان ڕاگەیەندرا

وەزارەتی دارایی لە چەند ڕۆژی ئایندەدا ئەو مووچەیە دابەشدەکات کە بەناوی هاندانەوە دەدرێت بە مامۆستایان، ئەمەش پاش ئەوە دێت وەزارەتی دارایی ڕێنمایی خەرجكردنی بڕی 150 هەزار دینار بۆ مامۆستایان و توێژەرانی كۆمەڵایەتی دەرەوەی سەنتەری پارێزگاكان و بڕی 100 هەزاریش بۆ ناوەوەی شارەكان دەركرد.

عەبدلواحید محەمەد، جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان بە ماڵپەڕی خەڵکی ڕاگەیاندووە هەموو ئەو پاداشتانەی، كە بڕیاری خەرجكردنی بۆ دەرچووە پێویستە ڕێنمایی لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابوری بۆ دەربچێت.


هەروەها وتووشییەتی كە بڕیار لەپێدانی پارەی هاندان بەمامۆستایان و توێژەرانی كۆمەڵایەتی دراوە دوای هەوڵێكی زۆر، دواجار ڕۆژی پێنچ شەممە وەزارەتی دارایی ڕێنمایی خەرجكردنی بۆ ئەو پارەیە دەركرد.

جێگری سەرۆکی یەکێتی مامۆستایان وتوشییەتی "ئێستا تەنها كاروباری هونەری ماوە و پێدەچێ‌ چەند ڕۆژێكی كەم بخایەنێت و لەم چەند ڕۆژەدا ڕاستەوخۆ ئەو پارەی هاندانە بدرێتە مامۆستایان و توێژەرانی كۆمەڵایەتی".



PM:07:33:16/01/2017