باڵەخانەیەكی 17 نهۆمی لەتاران هەرەسی هێنا

بەهۆی ئاگركەوتنەوە لە باڵەخانەی بازرگانی (پلاسكۆ) لەتارانی پایتەختی ئێران، بیناكە بەتەواوی هەرەسی هێنا.

سەرلەبەیانی ئەمرۆ پێنجشەممە میدیاكانی ئێران بڵاویانكردەوە كە ئاگركەوتنەوەیەك لە نهۆمی نۆیەمی باڵەخانەی پلاسكۆ لە تاران كەوتەوە، هەرچەند پاش چەند كاتژمێرێك ئاگرەكە كۆنترۆڵ كرا، بەڵام پاش ماوەیەك ئاگرەكە هەڵگیرسایەوە‌و بەهۆیەوە بیناكە هەرەسی هێنا.

بەپێی هەواڵەكان تا ئێستا نزیكەی 40 كەس رەوانەی نەخۆشخانە كراون‌و چارەنوسی ئەو هێزانەی ئاگركوژێنەوە كە لەناوبیناكە بوون تا ئامادەكردنی ئەم هەواڵە دیار نیە.

باڵەخانەی پلاسكۆ لەتاران شوێنێكی بازرگانی بوو و دەكەوێتە شەقامی ئیستانبول‌و ناوەندێكی سەرەكی دابینكردنی پۆشاك بووە لەتاران.



PM:12:00:19/01/2017