براوەی ئەمساڵی خەڵاتی ماملێ ئاشكرا كرا

مەڵبەندی هونەری ماملێ ساڵانە لە بۆنەیەکی تایبەتدا خەڵاتی ماملێ دەبەخشێتە هونەرمەندێک یان چەند هونەرمەندێک، بۆ ئەمساڵ هونەرمەند مەزهەری خالقی دەستنیشانکراوە بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ماملێ لەساڵی ٢٠١٧ دا .

وریای ماملێ کوڕی محەمەدی ماملێ و وتەبێژی مەڵبەندی هونەری ماملێ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە كەناڵی  ئێن ئاڕ تی دووی ڕاگەیاند "کۆمیتەی بەربژێرکاری مەڵبەندی ماملێ کە لەچەند کەسایەتییەکی شارەزاو بەئەزموون لەبوارە جیاوازەکانی ئەدەب و هونەر پێکهاتوون، بەکۆی دەنگ هونەرمەند مەزهەری خالقی یان دەستنیشانکردووە  بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ماملێ."

لەبارەی بەخشینی خەڵاتی ماملێ بە مەزهەری خالقی وریای ماملێ وتی "مامۆستا مەزهەر بۆ گەشەپێدانی کولتوور و هونەری کوردی بێوچان لە تێکۆشان دابووە و لە ساڵی ٢٠٠٣ی زایینی بە بونیادنانی سەنتەرێک بەناوی (ئەنستیتیوتی كەلەپووری كورد)، لەهەوڵدا بوون تا لەناو جەرگەی كوردستان و بە شێوەیەكی سەربەست و ئازادانە، درێژە بە خەباتی نەپساوەی كولتووری و هونەری بدەن."

هەروەها وتی "کە ئەو هونەرمەندە لە ژیانی هونەری خۆیدا هەستاوە بە کۆکردنەوەی چەندین بەرهەمی هونەرمەندان و ئاسارە کەلەپورییە جۆراوجۆرەکان لە دەڤەرە جاوازەکانی کوردستان و پاراستنی، مامۆستا مەزهەر لە ڕێگای (ئەنستیتیوتی كەلەپووری كورد)، دەیان كتێبی بڵاو كردووەتەوە، كە بۆ ئێستا و داهاتووی كورد دەبنە سەرچاوەیەكی باوەڕپێكراو."

مەڵبەندی هونەری مامڵی  ساڵانە لەیادی کۆچی دوایی هونەرمەندی گۆرانی بێژ محەمەدی ماملێ دا، بۆنە و یادکردنەوەی تایبەت سازدەکات و خەڵاتی ماملێ پێشکەشدەکات، بەڵام ئەمساڵ یادکردنەوەکە دوادەخرێت بە هۆی هەندێك هۆکاری تەکنیکییەوە و لەکاتی خۆیدا ئەنجام نادرێت.

هونەرمەند محەمەدی ماملێ ساڵی ١٩٢٥ لەشاری مەهاباد لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە، ساڵی ١٩٣٨ یەکەم گۆرانی تۆمارکردووە بەناوی رۆیی بەجێی هێشتم، محەمەدی ماملێ یەکێک بووە لە پیشمەرگەکانی کۆماری کوردستان و کەسێکی نەتەوەیی بووە، چەندجارێک زیندانی کراوە، ساڵی ١٩٩٩ کۆچی دواییکرد.

مەزهەری خالقی لە ساڵی ١٩٣٨ لە شاری سنە لەدایكبووە، و بەشی سینەمای لە ساری تاران تەواوکردووە، لە ساڵی ١٩٥١دا دەستی بە گۆرانی وتن کردووە و لە ساڵی ١٩٥٨ یەکەم گۆرانی بلاوکردووەتەوە.لە ساڵی ٢٠٠٣دا لە شاری سلێمانی نیشتەجێ بووە و ئەنستیتۆی کەلەپوری کوردی دامەزراندووە.



PM:04:17:21/01/2017