سلێمانی زیاتر لە ملیار و نیوێک قەرزدارە
بەوتەی ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، پارێزگاری پێشوو 130 محاویلەی بەقەرز هێناوەو تا ئێستا قەرزەكەی نەدراوەتەوە كە پارەی كۆمپانیایەكی عێراقییە.
لەمبارەیەوە دانا محەمەد جەزا، ئەندامی لیژنەی پیشەسازی و بازرگانی و وزە و سەرچاوە سروشتییەکان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە ڕۆژنیوزی وتوە:" ساڵی ڕابردوو لە ڕێگای پارێزگاری پێشووی سلێمانی دکتۆر ئاسۆ فەرەیدوون، ١٣٠ محاویلەی کارەبا لە کۆمپانیای دیالە نێردرا بۆ پارێزگای سلێمانی".
وتیشی: " ئەو کاتە باس لەوەکرا کە ئەوە دیاری حکومەتی عێراقە بۆ پارێزگای سلێمانی، کە ئەو ماوەیە هەواڵێکی باش بوو کە هەندێک کێشەی باشی چارەسەر کرد، بەڵام ئەوەی کە ئێستا دەیبیستین کە کۆمپانیای دیالە کە کۆمپانیایەکی ئەهلیە داوای پارەی ئەو ١٣٠ محاویلەیە دەکات کە بڕەکەی زیاد لە ملیارێک و ٥٠٠ هەزار دینارە، ئەوەش گرفتێکی بۆ پارێزگای سلێمانی دروستکردووە کە ناتوانین ئەو بڕە پارەیە بدەینەوە".
دانا، ئاماژەی بەوەشدا:" ئێستا تا ڕادەیەک لە ڕێکەوتنداین لەسەر پارەکە، ئەوان پێداگیری دەکەن لەسەر وەرگرتنی پارەکە، لێرە ئەو بڕە پارەیە نییە تا دابین بکرێت، بۆیە لە گفتوگۆداین کە چارەسەرێک بدۆزینەوە، ئێستاە ژمارەیەکی کەمیان کردووە بە دیاری، بەڵام داوای پارەی ئەوانی دیکە دەکەن".
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، ڕاشیگەیاند: ڕێگەچارە ئەوەیە کە حکومەتی عێراق ئەو ئەرکە بگرێتە ئەستۆ و لەگەڵ ئەو کۆمپانیا ڕێکبکەوێت و پارەکەی بداتێ، چونکە پارێزگای سلێمانی و حکومەتی هەرێمیش لە قەیرانێکی قورسدایە بەو هەموو شۆکەی توشی بووە لە دابەزینی نرخی نەوت و هاتنی ئەو ڕێژە زۆرەی ئاوارە و نەناردنی بودجە لەلایەن عێراقەوە".
PM:04:39:22/01/2017