ئاسایشی سلێمانی راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە

ئاسایشی سلێمانی ڕایگەیاند دووکەس بەتاوانی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر لەلایەن دادگای تاوانەکانی سلێمانیەوە سزادران.

 ئەمڕۆ دووشەممە ٢٣ی کانونی دووەمی ٢٠١٧ لە ڕاگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی  هاتووە، هێزەکانی ئاسایشی سلێمانی توانیان لەناو شاری سلێمانی بەبڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی (١٤) ی مخدرات، لەڕۆژانی (٢٦/٦/٢٠١٦) و (٢٢/٩/٢٠١٦ )  دوو کەس کە هەردوکیان کاسبن و بە ڕەگەز عێراقی و نێرن دەستگیربکەن، دوای گەڵاڵەبونی دۆسیەکانیان و هەواڵەکردنیان بۆ دادگا، لە ڕۆژی ٢٢ی کانونی دووەمی ٢٠١٧ لەلایەن دادگای تاوانەکانی سلێمانیەوە سزادران  بەم شێوەیەی خوارەوە:

١-تاوانبار (س، ی، ح ) لەدایکبوی ساڵی (١٩٨٢ ) سزادراوە بۆ ماوەی (٨)مانگ، غەرامەکردنی بەبڕی ٤٥٠ هەزار دینار .

٢-تاوانبار (ک، ح، گ) لەدایکبوی ساڵی (١٩٧٣)سزادراوە بۆ ماوەی (١)یەک ساڵ، غەرامەکردنی بەبڕی ٤٥٠ هەزار دینار .

ئەوەش لەکاتێکدایە بەڕێوەبەرایەتی ماددە هۆشبەرەکان لە سلێمانی ئامارەکانی ساڵی ٢٠١٦ی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکانەوە بەراورد بە ساڵی ٢٠١٥ دوو هێندە زیادی کردووە.

جەلال ئەمین بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی ماددە هۆشبەرەکان لە سلێمانی لە کۆنفرانسێکی هەواڵید وتی "٣١٠ کەس لە ساڵی ٢٠١٦دا بە تاوانی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان دەستگیرکراون، لەکاتێکدا لە ساڵی ٢٠١٥دا ژمارەکە ١٥٠ کەس بووە".



PM:03:10:23/01/2017