نوسەرێکی گەورەی تورکی بە ٧٠ خاڵ مانیفێستی دیکتاتۆریەتی ئۆردوغان ئاشکرا دەکات

نوسەری دیاری تورک حەسەن جەمال لەنووسینێکدا بە ٧٠ خاڵ دیکتاتۆریەتی سەرۆکی تورکیا تەیب ئۆردوغان ئاشکرا دەکات و دژی دیکتاتۆریەت لە تورکیا دەوەستێتەوە " نا بۆ دیکتاتۆریەت".

ئەو وتارەی حەسەن جەمال کە لەمیدیاکانی تورکیدا بە شێوەیەکی بەرفراوان بڵاوکراوەتەوە دەنگدانەوەی گەورەی لەسەر ئاستی تورکیاو جیهان داوەتەوەو رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بە گرنگەوە تێدەڕوانن.

بەپێی نوسینەكەی جەمالەدین  ئەو 70 خاڵە كە ئەردۆغان لە ڕابردودا ئەنجامیداون دەكاتە  بەڵگەن لەسەر دیكتاتۆریەتی سەرۆك كۆماری توركیا و بەمجۆرەش خاڵەكانی ریزبەندكردووە:

1 - بە تەلەفۆنێك هەواڵ بە تەلەڤیزیۆنەكان دەگۆڕێت.

2-بە تەلەفۆن ڕۆژنامەنووسی لە كارەكەی دەركردوە.

3 - بە تەلەفۆن خاوەنی ئیمتیازی ڕۆژنامەیەكی خستۆتە گریان.

4 -بە تەلەفۆنێك پڕۆگرامێكی تەلەڤیزیۆنی سانسۆر كردوە.

5 -بە تەلەفۆنێك نووسەری ڕۆژنامەكانی لە كارەكەی لاداوە.

6 -لە میتینگە جەماوەریەكاندا هوهای لە ڕۆژنامەنووس كردوە.

7 -لە میتینگە جەماوەریەكاندا هەڕەشەی لە ڕۆژنامەنووس كردوە.

8 -تەنیا ئەو ڕۆژنامەنووسانە قبوڵ دەكات پرسیاری لێبكەن كە خۆشی دەوێن.

9 -تویتەری داخستووە.

10 -یوتیوبی داخستوە.

11 -تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانی بە بەڵای سەر ناوبردوە.

12 -بۆ بڕینی هێڵی ئینتەرنێت یاسای داناوە.

13 -ئەو كەسانەی وەك خۆی بیر ناكەنەوە بە خاین و سیخوڕ ناو دەبات.

14 -سەرۆكی دادگای دەستوری بە خاین ناوزەند كرد  لەبەر ئەوەی بڕیارێكی پێچەوانەی خواستی ئەردۆغان دەركرد.

15 -سەرۆكی بانكی ناوەندی بە خاین ناوزەند كرد لەبەر ئەوەی ڕێژەی سووی بانكی نەهێنایە خوارەوە.

16 -سەرۆكی سەندیكای پیاوانی كاری بە خاین و خۆفرۆش ناوزەند كرد تەنیا لەبەر ئەوەی وتبوی 'بۆ ئابوریەكی باشتر پیویستمان بە سەروەری یاسا و سەربەخۆی دادگاكان هەیە.'

17 -دادوەرەكانی دادگای باڵای بە خاین ناوزەند كرد لەبەر ئەوەی بڕیارەكانیانی بە دڵ نەبوو.

18 -حساب بۆ ئازادی بیروڕا ناكات.

19 -لەو تەندەرانەی كە بە پیاوانی كاری دەبەخشێت مێدیایەكی گەورەی بۆ پڕوپاگەندە دروست كردوە.

20 -لە تەواوی دەزگا كەناڵە ڕاگەیاندنەكانی توركیادا، بڕیاری كۆتایی لەسەر دانانی بەڕیوەبەری هەواڵ و  نوسەری گۆشەی ڕۆژنامەكان خۆی دەری دەكات.

21 -بە بیستنی 'مێدیای سەربەخۆ' موچڕكە بە گیانیدا دێت.

22 -تەواوی پیاوانی كاری بە زەبری باج خستۆتە ژێر ڕكێفی خۆی، ئەوەی نەهاتوەتە ژێر ڕكێفی، زەبری كوشندەی لێداوە.

23 -بۆ ئەوەی فەرمانی دادگا لەسەر ئازادكردنی خاوەن میدیایەكی زەبەلاح هەڵوەشینێتەوە، فەرمانی بە وەزیری داد و پیاوانی ناو دادگا كرد كە بڕیارەكەی دادگا هەڵبوەشێننەوە.

24 -خۆی لە هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجومەنی شورا هەڵقورتاند و كەسێكی نزیك لە خۆی لەو پۆستەدا دانا.

25 -خۆی لە هەڵبژاردنی سەرۆكی زانكۆكاندا هەڵدەقورتێنێت.

26 -تەندەری پڕۆژەكان بە كەیفی لە پیاوێكی كار دەسێنێتەوە و دەیدات بە كەسێكی تر.

27 -كەسێك كە لە ڕابردودا وتبوی " دەرگای ڕۆژنامەنووسەكە بشكێنن و گەر داواكاری گشتیش فزەی لیوە بێت ئەویش بگرن." دەكات بە وەزیری ناوخۆ.

28 " -كە وتم ماڵپەڕی ئەو ڕۆژنامەیە دا بخەن دەبێت دایبخەن، ئێمە هەر یاسایەكمان بوێت دەریدەكەین، ئەوەی وەك فەرمان بە ئێوەی دەڵێم جێبەجێی بكەن، گەر ئەمە ئیستا بە تاوان ئەژمار دەكرێت، دوای یاسایەك دەردەكەین ئەم كارەی ئێوە لە تاوان دەردێنێت، ئێمە پارتێكین نوێنەری لە %٥٠ هاوڵاتیانی توركیا دەكەین..."

ئەردۆغان، خاوەنی ئەم قسانەی كرد بە ڕاوێژكاری خۆی پاشان كردی بە وەزیری ناوخۆ.

29 "-ئەو پۆلیسانە دەستبەجێ لە كارەكانیان دور بخەرەوە، مەیخەرە بەیانی، گەر بڕۆن و لێپرسینەوەیان لەگەڵ ئەنجام بدرێت، درەنگ دەبێت و واتای نامێنێت، لە ماوەی كاتژمێرێكدا لە كارەكانیان دوریان بخەرەوە، خەمی ئەوەت نەبێت كارەكە نایاساییە، هەر یاسایەكمان بوێت دەریدەكەین. چیت پێویستە پێمان بڵێ براكەم بۆت دەكەین." ئەمە قسەی ڕاوێكاژكاری ئەردۆغانە كە فەرمان بەسەر پاریزگاری ئیستەنبول دەكات و دواتر لەلایەن ئەردۆغانەوە كرا بە وەزیری ناوخۆ، لە كاتێكدا ئەم كەسە ئەوەی حساب بێت بۆ یاسای ناكات.

30 -لێكۆڵینەوە لە چۆنەیتی سەرفكردنی بودجەی هاوڵاتیانی لە ژێر دەستی چاودیری دارای دەرهێنا و خستیە ژێر دەستی لیژنەی پەڕلەمانی كە سەر بە پارتەكەی خۆیەتی.

31 -بۆ داخستنی دۆسیەی گەندەڵی خۆی و وەزیرەكانی لە چاوتروكاندنێكدا دادوەر و داواكاری گشتی و پۆلیسەكان لە كارەكانیان دورخرانەوە.

32 -كەسانێكی وەك بەڕێوەبەری پۆلیس داناوە كە حساب بۆ داواكاری گشتی ناكەن و وەك پۆلیسی ' دەوڵەتی پۆلیس' كار دەكەن.

33 -بۆ پەردەپۆشكردنی دزی و گەندەڵی و كارە نایاسایەكانی، دەستەی جێبەجێكاری دادگاكانی بە پێچەوانەی دەستوری توركیاوە گۆڕی.

34 -بۆ شارندەوە دۆسیەی گەندەڵی و بەرتیل وەرگرتن كە پارەكەی لە ژوری نوستنی ماڵی كوڕەكەی و وەزیرەكانی دۆزرایەوە، فەرمانی بەدواداچونی دادگاكانی بە هەرشیوەیەك بێت لە چاوی هاوڵاتیان دورخستەوە.

35 -هەروەك ڕژێمی بەعس و دەوڵەتی موخابەرات، لێپرسینەوە لە سەرۆكی دەزگای هەواڵگری بەستوە بە مۆڵەتی خۆیەوە، كە لەم ڕێگەیەوە دەرگای بۆ دروستبونی دەوڵەتی موخابەرات ئاوەڵا كردوە.

36 -بۆ قوڵكردنەوەی كودەتاكەی خۆی، لەگەڵ جەماعەتی ئەرگەنەكۆن هاوپەیمانێتی بەستوە، كە سەردەمانێك چەندین تاوانی بكەرنادیاریان بەرامبەر كوردەكان ئەنجامداوە.

37 -سەربەخۆیی دادگاكان و جیاوازی دەسەڵاتەكان كە بنەمای سەرەكی دیموكراسین لە بناغەوە هەڵوەشاندوە.

38 -وەك سەرۆكی كۆماری توركیا چەندین جار ئەوەی دوپات كردۆتەوە كە بڕیاری دادگای دەستوری جێبەجێ ناكات.

39 -هەروەها داوای لە دادگاكان كرد گوێ لە بڕیاری دادگای دەستوری نەگرن...

40 -سوكایەتی بە ئەرمەن و ڕۆمەكان كرد بەوە كە وتی " هەندێك بۆ سوكایەتیكردن پێیان وتم: ئەرمەنی."

41 -هێندە دوژمنایەتی یەهودیەكانی توركیای كردوە، وای لە كۆمەڵێك لە لایەنگرانی خۆی كرد بە جلی ڕەشەوە و بە دەموچاوی هیتلەرەوە بچنە بەردەم كڵیسەی یەهودیەكان.

42 -لە كاتی میتینگێكی جەماوەریدا داوای لە هاوڵاتیان كرد هوها لە دایكی منداڵێكی 14 ساڵ بە ناوی 'بێركین ئێلڤان' بكەن كە لە كاتی خۆپیشاندانەكانی پاركی گیزیدا بە تەقەی پۆلیس كوژرا.

43 -خۆی لە درێژی تەنورەی ئافرەتان هەڵدەقورتێنیت

44 -خۆی لە ژمارەی زۆری خێزانەكان هەڵدەقورتێنێت

45 -باس لەوە دەكات كە كوڕان و كچان چۆن دەبێت هەستن و چۆن دەبێت دابنیشن.

46 -خۆی لەوە هەڵدەقورتێنیت كە خەڵك دەبێت چی بخۆن و بخۆنەوە.

47 -بە كورتیەكەی دەیەوێت شێوە ژیانی خۆی بەسەر خەڵكی تردا بسەپێنیت و خۆی لە ژیانی تایبەتی هاوڵاتیان هەڵدەقورتێنێت.

48 -كۆمەڵگەی كردوە بە دوو بەشەوە.

49 -كۆمەڵگەی كردوە بە گژ یەكدا.

50 -تاوانی نەفرەتی ئەنجام داوە.

 51 -جیاكاری دەكات لە نیوان هاوڵاتیاندا.

52 -ڕەگەزپەرستی پەرە پێ دەدات.

53 -پشتی لە عەلمانیەت و یەكسانی پیاو و ژن هەڵكردوە.

54 -سیستەمی پەوەردەی وڵاتی كردوە بە قوربانی دروشمی ' نەوەیەكی دیندار دروست دەكەین' و لەم پێناوەدا زۆربەی خوێندنگەكانی وڵاتی كردوە بە خوێندنی ئاینی.

55 -هەوڵ دەدات فەلسەفە و لۆجیك و ڕەخنەگری لە سیستەمی پەروەردە دەربهێنێت.

56 -دەڵێت " لە توركیادا كێشەی كورد نیە".

57 -بۆ بردنەوەی هەڵبژاردنەكان جەنگی بەرپا كردوە

58 -كوردەكانی توركیای كردوە بە شەیتان و، مافی یەكسانی لە هاوڵاتیبوندا بە نیسبەت كوردەكانەوە فەرامۆش كردوە.

59 -هەدەپە كە خاوەنی ٦ ملیۆن دەنگە، سەركردەكانی لە زیندان قەتیس كردون، لەم ڕیگەیەوە زەمینەی بۆ سیستەمی تاكرەوی خۆی خۆش كردوە.

60 -كۆمەڵكوژی ڕۆبۆسكی پەردەپۆش كردوە.

61 -كاتێك وتی " كۆبانی خەریكە دەكەوێت'' هەستنەكردنی بە هەستیاری كوردەكان بۆ ئەم بابەتە بە تەواوی ئاشكرا كرد.

 

62 -وا دەزانیت بەدەستهێنانی دەنگی زۆرینەی هەڵبژاردنەكان، بریتیە لە دیموكراسی و دیوكراسی لە زۆرینەدا كورت كردۆتەوە

63 -تا ئێستا فێر نەبووە و نایەوێت فێر بێت كە زۆرینەی هەڵبژاردنەكان ڕێگای ئەوەت پێنادات كە : دادگا بخاتە ژێر ڕكێفی خۆت، حساب بۆ جیاوازی دەسەڵاتەكان نەكەیت، ئازادی بیروڕا پێشێل بكەیت، مێدیای ئازاد لە ناو بەریت، ڕێكخراوی مەدەنی هەڵبوەشێنێت و بەها دیموكراسیەكان لە ناو بەریت.

64 -ڕوی لە ڕۆژئاواوە بەرەو ڕۆژهەڵات وەرگێڕاوە.

65 -سیستەمی وڵاتی لە 'دەسەڵاتی تاكرەوی سوپا' وە وەرگێراوە بۆ 'سیستەمی تاكڕەوی مەدەنی' و وڵاتی هاوشیوەی رژێمە خۆسپێنەرەكانی ڕۆژهەڵات لێكردوە، وا دەزانێت بە دروشمی 'توركیای نوێ' و "شۆڕشی هاوڵاتیان" دەتوانێت خەڵك فریو بدات.

66 -لە پێناو دروستكردنی 'سیستەمێكی تاكە كەسی' یاخود ' دەوڵەتی ئەردۆغان' هیچ كاتێك خۆی لە پێشێڵكردنی دەستوری توركیا نەپاراستوە و بە ئاشكرا ئەم كارانەی ئەنجام داوە.

67 -دوای ئەوەی هەڵبژاردنەكانی ٧ ی حوزەیرانی دۆڕاند، لە جیاتی ئاشتی دەستی بە دوگمەی جەنگدانا.

68 -هەر هەڵبژاردنێك خۆی براوە نەبێت تێیدا، ئیدی بە هەڵبژاردن ئەژماری ناكات.

69 -هەوڵی كودەتای 15 ی تەموزی بە 'لوتفی خودا' ناوبرد و لەم ڕێگەیەوە زەمینەی بۆ كودەتاكەی خۆی خۆش كرد و تەواوی زیندانەكانی توركیای لە هاوڵاتیانی بێ تاوان پڕ كرد.

70  -لە بەرواری 20.12.2017 بە تێپەڕاندنی 18 ماددەی دەستوری لە پەڕلەمانی توركیا،دیموكراسی و سەروەری یاسای توركیای سفر كرد و ، سیستەمی تاكرەوی یاخود دیكتاتۆری لە توركیادا دامەزراند.

هەروەك جەمالەدین وەبیریدەهێنێـەوە كە لەرۆژی 10 ی ئابی 2014 كاتێك ئەردۆغان بە %51 لە هەڵبژاردنەكانی توركیادا وەك سەرۆك كۆمار هەڵبژێردرا، نوسینێكم لە ژێر ناوی " مانفێستۆیەكی 50 خاڵی لە دژی سەرۆكایەتی ڕەجەب تەییب ئەردۆغان. راگەیاندووە و كە بەم چەند دیڕەی خوارەوە كۆتایدەهات :

-ئەو 50 خاڵەی ئاماژەمپێكردوە هەمووی لەلایەن ئەردۆغانەوە ئەنجامدراوە و سەرەڕای ئەمە بەدەستهێنانی %51 لە هەڵبژاردنەكاندا سەركەوتنی ئەردۆغان و دۆڕانی توركیایە.

-توركیا بە قورسی باجی ئەم هەڵبژاردنە دەدات، ئەوەی تا ئەمڕۆ ڕویداوە نیشانەی ئەو شتانەن كە سبەینێ ئەنجامدەدرێت، ئیدی پێمان ناوەتە قۆناغێك كە ناهەقی زۆر تێیدا دەكرێت .

-گەر بە دوای هیوایەكدا دەگەڕێن لەمەو دوا، ئەوا بزانن بێجگە خۆتان كەس تروسكای هیوای لیوە هەڵناێت.

-بۆ وەستانەوە لە دژی دیواری ئەم ڕژێمە خۆسەپێنە تەنیا پشت بە خۆتان ببەستن و ماندویەتی لەگەڵ خۆیدا تیاچون دەهێنێت.

-ئەوەی دوێنێ وتومە ئەمڕۆش لەسەری سورم و تەنیا ئەوەیە كە 50 خاڵەكەم بەرز كردۆتەوە بۆ 70 خاڵ.

پێویست بە قسە درێژكردنەوە ناكات.

-گەر ئەم دەستورە لە ڕیفراندۆمدا بە دەنگی هاوڵاتیان تێپەڕێت، ئەوا سیستەمی توركیا دەبێت بە دیكتاتۆری و دیكتاتۆرەكەشمان ناوی ئەردۆغان دەبێت.

کوردیەکەی لە ماڵپەڕی Puk media ەوە وەرگیراوە.



PM:07:26:23/01/2017