لەناوەندە نێودەوڵەتیەکان داوا لەسە پارتی تۆمار دەکرێت

هونەرمەندی كۆمیدی حەمکۆ ئەمین داوای یاسایی لەلای مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی و رێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ و دەیان سەنتەر و رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان لەسەر پارتی تۆمار دەکات لەبەرئەوەی لەرێگای کادیرو ئەندامانیانەوە هەڕەشەی کوشتنیان لێکردووە.

حەمكۆ لەلاپەڕەی فەرمی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسیویەتی: دوای ئەوەی لە بەرنامەی (حەمكۆ شۆ) بابەتێكم لەسەر ( بارزانی) ئەنجامدا، لەڕێگای چەندین لایەنگری پارتی-یەوە هەڕەشەی كوشتن و تۆقاندنم لێ كرا".

هونەرمەندی كۆمیدیا حەمكۆ ئەمین، كە لەدواهەمین كاریدا لە ڤیدیۆیەكی شۆودا ڕەخنەی لە مەسعود بارزانی گرت بە شێوەیەكی كۆمیدیاو تێیدا داوای لە مەسعود بارزانی كرد كە یان پیشەی خۆی بگۆڕێت و ئەوەندە باسی پێشمەرگە نەكات یانیش بژێوی و ژیانی پێشمەرگە بگۆڕێت .

ئاماژەی بەوەش كردووە" وا دیارە دەزگای پارتی خەریكی داڕشتنی پیلانی تیرۆركردنی منە، ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێ، كە پارتی حزبێكی دیكتاتۆرە و بەرگەی رەخنە ناگرێت".

حەمكۆ دەڵێت "لەمڕۆ بەدواوە تیرۆركردنم دەكەوێتە ئەستۆی پارتی و چەندین بەڵگە و هەڕەشەی لێم كراوە، بڵاوم كردیتەوە، ئەوانیتریش لە دەستێكی ئەمیندایە".

لە ئێستادا ئەو هونەرمەندەی كۆمیدیایە ئەوەی بڵاوكردۆتەوە" سکاڵاکەم گەیشت بە مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی و رێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ و دەیان سەنتەر و رێخراوە نێودەوڵەتیەکان .

دەشڵێت: پێویستە لایەنگری حزبەکان ئەوە بزانن بەرگری کردن لە بیرورای سیاسی و سەرکردەکانیان بە هەرەشە و تۆقاندن ناکرێت بەڵکو بە پێچەوانەوە ماڵی سەرکردە و حزبەکان کاوڵ و ناشیرین دەکەن".

حەمكۆ لە ئێستادا لە وڵاتی بەریتانیایەو چەندین ڤیدیۆی كۆمیدی و ڕەخنەئامێز ئاڕاستەی سەرجەم هێزو لایەنەكانی كوردستان دەكات .



PM:07:55:23/01/2017