هێرۆ ئیبراهیم سەردانی نەوشیروان مستەفا دەكات

هێرۆ ئیبراهیم ئەندامی مەكتەبی سیاسی دەسترۆیشتووی یەكێتی لە لەندەن سەردانی نەوشیروان مستەفا، رێكخەری گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان دەكات‌و لەگەڵی كۆدەبێتەوە.

سەرچاوەیەكی ئاگادار بە سپی رایگەیاند رۆژی پێنجشەممەی رابروو 26/1 لە لەندەنی پایەتختی بەریتانیا هێرۆ ئیبراهیم سەردانی نەشیروان مستەفا لە ماڵەكەی خۆی دەكات‌و ئەمە بە یەكەم دیدار دادەنرێت كە لە دەرەوەی وڵات لەنێوان ئەم دوو كەسایەتییە سیاسییەدا ئەنجام بدرێت.

بەپێی سەرچاوەكەی سپی، سەردانەكە جگە لەوەی سەردانێكی كۆمەڵایەتی‌و بۆ پرسینی تەندروستی بووە، هاوكات بارودۆخی سیاسی‌و پەیوەندی یەكێتی‌و گۆڕان لەو كۆبوونەوەیەدا باس كراوە.

سەرچاوەكەی سپی ئاماژەی بەوە كرد كە هەر یەك لە هێرۆ ئیبراهیم ‌و نەوشیروان مستەفا جەختیان لەسەر جێبەجێكردنی رێكەوتنی نێوانیان كردەوە كە لە 17/5/2016 لەماڵی تاڵەبانی لە گردی دەباشان واژۆكرا.

هیرۆ ئیبراهیم بە مەبەستی چارەسەرکردنی " مل ئێشە" ماوەی هەفتەیەکە بەسەردانێک چۆتە ولآتی ئەڵمانیا و بۆبینی نەوشیروان مستەفا و چەند دیدارێکی تریش لە کۆتایی هەفتەی رابردووەوە سەردانی لەندەنی کردووە.
 
ئەم سەردانەی هێرۆ ئیبراهیم لە كاتێكدایە كە رۆژی 11/1/2017 وەفدێكی باڵای یەكێتی بە سەرۆكایەتی كۆسرەت‌و مەلا بەختیار سەردانی هەولێریان كرد‌و لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی‌و وەفدێكی مەكتەبی سیاسی پارتی كۆبوونەوە‌و، دوای كۆبوونەوەكەش ئاماژە بە لێكتێگەیشتن‌و پێشكەوتنی نێوان ئەو دوو لایەنە دەكرێت لە لایەن بەرپرسانی هەردوو لاوە.

دوای ئەو كۆبوونەوەیە ژمارەیەك لە ئەندامانی سەركردایەتی‌و ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی‌و بەرپرسی ئاژانسی پاراستن‌و زانیاریی، لاهوری شێخ جەنگی هەڵوێستی خۆیان لەسەر كۆبوونەوەكەی 11/1 راگەیاند‌و جەختیان لەسەر ئەوە كردەوە كە هەر رێكەوتنێك لەگەڵ پارتی ئەنجام بدرێت، دەبێت بە بڕیاری سەركردایەتی یەكێتی بێت‌و بۆ ئەو پرسەش كۆبوونەوە ئەنجام بدرێت.



PM:01:01:28/01/2017