چۆمان هەردی مەترسی لەئایندەی منداڵانی کوردستان هەیە، بەڵام ئومێدی بەئایندە نەبڕاوە .. وێنەیەکی مناڵی ببینە

چۆمان هەردی لە رۆژی لەدایکبوونیدا باسی ژیانی مناڵی ئاوارەیی خۆی دەکات، هاوکات مەترسی خۆی ناشرێتەوە لە هەڵکشانی توندوتیژی لە نێو کۆمەڵگادا، بەڵام ئومێدیشی بە بزوووتنەوە کۆمەڵایەتیی هەیە کە دنیا بەرەو باشتر بەرن.

  کچە شاعیر چۆمان ھەردی کە لە دایکبووی ١٩٧٤ سلێمانیە، لە رۆژی لە دایکبوونی کە دەکاتە ١/٢٩ لە پۆستێکدا لە ئەکاونتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک باسی ژیانی ئاوارەیی خۆی دەکات و دەڵێت" ژیانی من بە ئاوارەیی دەستیپێکرد. پەڕینەوە لە سنوورەکان بەشێکی یادەوەرییەکانی منداڵی و ھەرزەکاریم پێکدێنن. ئەزموونەکانی ژیانم ھەمووی پچڕپچڕن. نازانم چۆن دەبوو گەر لە گەڕەکی منداڵیم گەورە بوومایە، لە ھەمان قوتابخانە بمخوێندایە و پەرەم بەو پەیوەندی و ھاوڕێیایەتیانە بدایە کە گرنگن بۆ پێگەیشتنمان".

چۆمان هەردی کە جگە لەشاعیری، نووسەرو وەرگێڕ، وێنەکێشیشە، لە درێژەی پۆستەکەیدا نووسیوویەتی"  ھاوڕێیەتییەکم نییە بگەڕێتەوە بۆ سەردەمی منداڵی یان ھەرزەکاری. خوێندنم چەندین جار پچڕا و سەرەنجام لە سێ وڵاتی جیاواز و بە سێ زمانی جیاواز خوێندنم تەواوکرد. لەگەڵ ھەژاری و ئاوارەییدا ئاشنام. زەبری دەروونی دەناسم. زۆر شەو لە ترسا خەوم لێ دەزڕێت، دەترسم لەوەی نەتوانم کچەکەم لەم جیھانەدا بپارێزم، بیر لەو منداڵانە دەکەمەوە کە ناتوانین لە توندوتیژی و ئازار و کۆیلایەتی بیانپارێزین. دەترسم کە بەپێچەوانەی منەوە منداڵەکانی ئەم سەردەمە نەتوانن پەنایەک بدۆزنەوە و لەم ھەموو دڵرەقییە رزگارییان بێت کە پێدەچێت روو لە زیادبوون بێت".
سەرباری ئەو مەترسیانەی ئەم کچە شاعیرە هەیەتی، بێ ئومید نییە لەو بزووتنەوە کۆمەڵایەتییانەی خەونیان هەیە بە چاککردنی دنیاو کەمکردنەوەی توندتیژی و، دەنوسێت" دڵخۆشم بەو ھەموو مرۆڤە جوانەی دژی قەدەغەکردنی ھاتنی پەنابەر و بێگانە بۆ ئەمریکا دەوەستنەوە، دژی راسیزم و سێکسیزم دەوەستنەوە. بۆیە سەرەڕای ترەمپەکان و مەی-ەکان و ئەردوگانەکانی ئەم دنیایە خۆشحاڵم کە لەدایکبووم و ھێشتاش لە ژیاندام. ئەمە وێنەیەکی منە لە تەمەنی یەک ساڵیدا، وەک پەنابەر لە ئێران. لەوساکەوە رێگەیەکی زۆرم بڕیوە، ھیوادارم منداڵە پەنابەرەکانی ئەمڕۆش بتوانن ئەم رێگەیە بە سەرکەوتنەوە ببڕن. سوپاس بۆ پەیامە شیرینەکانتان بەبۆنەی رۆژی بوونمەوە. سەرفراز بن".

چۆمان ھەردی لەدایکبووی ١٩٧٤ لە سلێمانی، کچە شاعیر و نووسەر و وەرگێڕ و مامۆستای زانکۆیە، لەساڵی ١٩٧٥ خێزانەکەی چوونەتە ئێران و وە لەدوای ڕێکەوتننامەی جەزائیر و ساڵی ١٩٧٩ ھاتنەوە عێراق، بەڵام بەھۆی کارەساتی ئەنفال لەساڵی ١٩٨٨ چوونەتەوە ئێران، وە لەساڵی ١٩٩٣ چۆمان ھەردی چووەتە شانشینی یەکگرتوو ھەرلەوێش بۆتە خوێندکاری بەشی فەلسەفە و دەروونناسی لە زانکۆکانی زانکۆی لەندەن و زانکۆی ئۆکسفۆرد ھاوکات چۆمان ھەردی دوکتۆرای (PhD) ھەر لە بریتانیا ھێناوە کە لە توێژینەوەکەیدا، تیشکی خستۆتە سەر کاریگەری کۆچبەری ناچار (Forced migration) لە سەر ژنانی عێراق و ئێران.

چۆمان هەردی چالاکوانێکی بواری ژنان و منداڵانە. لەبواری ئەدەبیشدا چەند خەڵاتێکی جیهانی لەسەر هۆنراوەکانی وەرگرتووە.
ژیانی هاوسەری لەگەڵ رۆشنبیر ئاراس فەتاح پێکهێناوەو مناڵێکیان هەیە. ئێستا راگری بەشی زمانی ئینگلیزیە لە زانکۆی ئەمریکی – سلێمانی. 



PM:05:39:29/01/2017