داوا دەكرێت محەمەدی حاجی مەحمود بدرێتە دادگا

لەسەر لێدوانێكی سكرتێری حبزبی سوسیالیست دیموكراتی كوردستان، پەرلەمانتارێكی گۆڕان داوای دادگایی كردنی محەمەدی حاجی مەحمود دەكات‌و یەكگرتووش راگەیەنراوێك لەمبارەیەوە بڵاودەكاتەوە.

عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتاری بزوتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان، ئەمڕۆ رایگەیاند كە پێویستە بەرپرسانی بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر قسەكانی،  محەمەدی حاجی مەحمود سكرتێری حزبی سۆسیالیستی دیموكراتی كوردستان بدەنە دادگا.

كە پێویستە بەرپرسانی بزوتنەوەی گۆڕان وەڵامی قسەكانی محەمەدی حاجی مەحمود بدەنەوە و دەشڵێت”به‌ڵام پێده‌چێت وه‌ک ئه‌و ده‌یان دۆسییه‌ی دیکه‌ که‌ ده‌بو به‌رپرسانی گۆڕان قسه‌یان له‌سه‌ری هه‌بوایه ‌و نه‌بو.. ئه‌میش وابێت”.

ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان لەمیانی نوسینێكی لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك دەڵێت”ده‌بێت له‌سه‌ر ئه‌م قسانه‌ ئه‌م پیاوه‌ بده‌نه‌ دادگا، با بۆ خه‌ڵک رونبێته‌وه‌ ئه‌م قسانه‌ چه‌ند نادروسته و کۆتایی به‌م قسانه‌ بێت”.

 پاش بڵاوبوونەوە قسەكانی محەمەدی حاجی مەحمود، كە وتبووی "هەر پێنج حزبەكە خاوەنی كۆمپانیا‌و پاڵا‌وگەی نەوتن"
یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەروونكردنەوەیەكدا رەتیدەكاتەوە كە بەشداربن لە پرسی نەوت و دەستیان لە گەندەڵیدا هەبێت ئەوەش وەك وەڵامدانەوەیەك بۆ محەمەدی حاجی مەحمود سكرتێری حیزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان كە لەوبارەیەوە لێدوانی دابوو.

دەقی روونكردنەوەكەی یەكگرتووی ئیسلامی
ماوەیەكە لێرە و لەوێ پروپاگەندەی ناحەزانە ئاراستەی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان دەكرێ بە تۆمەتی تێوەگلان بە گەندەڵی و بەشداری لە بابەتی نەوتدا،كە سەرەتا لە دەربرینێكی سەرپێ یی بەرێز حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەستی پێ كرد كە وتبووی هەموو حزبە كوردستانیەكان لە پرسی نەوت دا بەشدارن .. پاشان هەندێ كەس و دەزگای میدیایی ناحەزانە ترش و خوێ یان پێوە كرد .. بەڵام لە هەمووی سەیرتر لێدوانی بەرێز ( محەممەدی حاجی مەحمود ) سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستانە كە بەداخەوە پێنج حزبەكە پێكەوە تۆمەت باردەكا بە بەشداری لە پرسی نەوتدا و دەڵێت هەموویان پاڵاوگەیان هەیە و شەڕیان لەسەر داهاتی نەوتە نەك شتی تر ..
ئێمە بۆ ئەو بەرێزە و هەموو ئەوانەی كە چاویان هەڵنایە بە ئەستۆ پاكی و سەر بڵندی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە بوارەكانی گەندەڵی و سامانی گشتی و دزی و گزی دا ، روونی دەكەینەوە و بە تەحەدداوە رایدەگەیەنێین كە یەكگرتوو هیچ بەشداریەكی لە مەسەلەی نەوت و هەر بوارێكی تری گەندەڵیدا نیە، هەركەس و لایەنێكیش ئەگەر بەڵگەیان لایە با بیخەنەروو، حەیفیشە بۆ مەرامێكی نزمی حزبی یان تایبەتی دەست ببرێ بۆ ناوزراندن و لەكەداركردنی بێ بەڵگە و بێ بنەما.
بۆیە هەموولایەك ئاگادار دەكەینەوە بەمافی یاسایی خۆمانی دەزانین كە لە رێگای دادگاوە رووبەرووی ئەم جۆرە تەشهیر و لێدوانانە ببینەوە.
 (هەق نیە هەركەس و لایەنێك كە ماڵی خۆی لە شوشە بێت بەردبگرێـتە ماڵی كەس) .
ئەنجومەنی كاروباری سیاسی و جەماوەری
یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان
30/1/2017




PM:03:43:30/01/2017