"ئەو کەسانەی لە عێراق لەگەڵ ئەمەریکیەکان کاردەکەن دەگوێزرێنەوە بۆ ئەمەریکا"

لە کاتێکدا رێگا لە عێراقییەکان دەگیرێت بچنە ئەمەریکا، کۆشكی سپی داوای ناوی لیستی ئەو هاووڵاتییە عیراقییانە دەكات، كە هاوكاری ئەمریكایان كردوە لە عیراقدا.

جیڤ داڤیس وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا (پێنتاگۆن) لە ڵیدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنووسان، دەڵێت "كۆشكی سپی لەبارەی  عیراقەوە داوای ئامادەكردنی لیستی ناوی ئەو كەسانەی لێمان كردووە كە هاوكاریی ئەمریكایان كردوە لە ئۆپەراسیۆنەكاندا".

داڤیس ئاماژەی بەوەشداوە، كە هێشتا لیستەكەیان تەواو نەكردووە، بۆیە ناتوانن ژمارەیەك لەوبارەیەوە ئاشكرا بكەن و راشیگەیاند ئەو لیستەی ئامادە دەكرێت، ئاسانكاری لە رێكاری ڤیزا و چوون بۆ ئەمریكا دەكات.

وتەبێژی پێنتاگۆن رونیشیدەكاتەوە" هەزاران هاووڵاتی عیراق لە ئۆپەراسیۆنەكاندا لە رووی هەواڵگری، دەستەبەركردنی پێداویستی سەربازیی و پەیوەندی دیپلۆماسییەوە هاوكارییان پێشكەش بە ئەمریكا كردووە و وتیشی "هاوبەشێكی زۆرمان لە عیراق هەیە كە هەندێكیان وەرگێڕ و هەندێكیشیان لە پاڵ ئێمەدا شەڕیان كردووە".

داڤیس دەشڵێت "دەمانەوێت ناوی ئەو كەسانە بزانین كە لە پاڵ ئێمەدا شەڕییان كردووە و هاوكارمان بوون. بۆیە هاوكارییەكانیان لەبەرچاو دەگرین".

بەپێی بڕیارەكانی دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكاوە، وەرگرتنی پەنابەران لەلایەن ئەو وڵاتەوە بۆ ماوەی سێ مانگ هەڵپەسێنراوە. هاوكات ڤیزە بە هاووڵاتیانی عیراق، سوریا، ئێران، یەمەن، لیبیا، سۆماڵ و سودان بۆ ماوەی سێ مانگ راگیراوە. 



AM:10:41:31/01/2017