پاسەوانەکانی عەمار حەکیم هەوڵی كوشتنی پەرلەمانتارێكی كورد دەدەن

پەرلەمانتاری كورد رایدەگەیەنێت لەلایەن پاسەوانەکانی عەمار حەكیم سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی عێراق تەقەی لێ کراوە و ھەوڵی کوشتنی دراوە.

پەرلەمانتاری كورد عادل نوری كە وتەبێژی لیژنەی نەزاھەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیشە، رایگەیاند "ئەمشەو لە فرۆکەخانەی بەغدا لەگەڵ گەرانەوەی شاندەکەی ھاوپەیمانی نیشتمانی شیعەکان بە سەرۆکایەتی عەمار حەکیم بۆ بەغدا، ئەوانم بینی و پێکەوە قسەمان کرد، ئەوان پێیان ناخۆش بوو کە دوێنێ شەو لە کەناڵێکی ئاسمانی باسی ئەوەم کرد کە پرۆژەکەیان پەیوەندی بە کوردەوە نییە، بۆیە لەکاتی چوونم بۆ ناوچەی سەوز لەلایەن پاسەوانەکانی سەرۆکی ھاوپەیمانی نیشتیمانی چەندین جار بە ئۆتۆمبێلەکانیان دەستیان شکاندەوە سەرم و ھەوڵیان دا ئۆتۆمبێلەکەم وەربگێڕن، دواتر تەقەیان لە ئۆتۆمبێلەکەم کرد و ھەوڵی کوشتن و تیرۆرکردنیان دام، بەڵام بەھەر شێوەیەک بێت خۆم رزگار کرد، تاوەکو گەیشتمە ناوچەی سەوز".

وتیشی "ھۆکاری ئەو رووداوە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە شەوی رابردوو لە کەناڵێکی عەرەبی من قسەم لەبارەی سەردانی شاندەکەی ھاوپەیمانی نیشتیمانی بۆ ھەرێمی کوردستان کردووە و باسم لەوە کرد کە ئەو پرۆژەیەی عەمار حەکیم پەیوەندی بە کوردەوە نییە و تەنھا پەیوەندی بە سونەکان و شیعەکانی عێراقەوە ھەیە".

عادل نوری ئاماژەی بەوەش کرد کە لەسەر ئەو رووداوە سکاڵا لە دژی عەمار حەکیم تۆمار دەکات، گوتیشی چەندین پەیوەندی پێوە کراوە کە سکاڵا تۆمار نەکات و لەرێگەی عەشایریەوە کێشەکە چارەسەر بکات".

شاندی ھاوپەیمانی شیعەکان بە سەرۆکایەتی عەمار حەکیم ماوەی سێ رۆژە لە ھەرێمی کوردستانن و لەگەڵ سەرۆکی ھەرێمی كوردستان و لایەنە سیاسییەکان کۆبوونەوە، ئەمشەو شاندەکە لە رێگەی فرۆکەخانەی سلێمانییەوە گەیشتنەوە بەغدا.

لە ھەمان کاتدا، ھەر ئەمشەو پەرلەمانتارانی کورد گەرانەوە شاری بەغدا بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی پەرلەمان.



PM:11:11:06/02/2017