کچێک لە هەولێر چیرۆکی دەستدرێژی سێکسی کردنە سەری دەگێڕێتەوە

ژیلەمۆ عەبدولقادر، بەڕێوبەری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە هەولێر لە وتاری ئەم هەفتەیە باس لە ژنێک دەکات کە دەستدرێژی سێکسی کراوەتە سەر.

ژیلەمۆ لەو وتارەیدا بۆ ڕووداو نوسیوییەتی "دوو رێگا لەبەردەم ئافرەتەكەدا هەبوو، یان شوو بەو پیاوە بكات كە دەستدرێژیی كردووەتە سەری، یان هەتا لە ژیاندا ماوە لە ماڵی داڵدەدانی ئافرەتانی هەڕەشەلێكراودا بمێنێتەوە. ئەو ئافرەتە كە وردەكاریی چیرۆكەكەی لەلای بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنانە، تەمەنی 16 ساڵان بووە ئەوكاتەی پەیوەندیی خۆشەویستی لەگەڵ كوڕێك داناوە، دوای تێپەڕبوونی سێ مانگ بەسەر پەیوەندییەكەیان، كوڕەكە داوای لێكردووە بە یەكەوە بچنە دەرەوە، بەڵام كچەكە رەتیكردووەتەوە، كوڕەكە چەند جارێك ئەو داوایەی لە كچەكە كردووە تا دواجار كچەكە قەناعەتی هاتووە لەگەڵی بچێتە دەرەوە."
بەردەوام دەبێت لە گێڕانەوەی چیرۆکەکە و نوسیویەتی "كچەكە بێ‌ ئاگابووە لەوەی ئەو كوڕەی ئەو خۆشی دەوێ، گورگێكە و لە پێستی مەڕدا خۆی بۆ مەڵاس داوە، هەر لە یەكەم دەرچوونیان كوڕەكە دەستدرێژی كردووەتە سەری، كچەكە كاتێك دەبینێ‌ كار لە كار ترازاوە، بڕیار دەدات نەگەڕێتەوە ماڵی باوكی و یەكسەر هانا بۆ پۆلیس دەبات، پۆلیس دەستبەجێ‌ رەوانەی نەخۆشخانەی دەكەن و بە راپۆرتی پزیشكی پشتڕاست دەكرێتەوە كە پەردەی كچێنی لەدەستداوە، كچەكە سكاڵای لەسەر كوڕەكە تۆمار كرد، كوڕەكە دەستگیركرا و دانی بەوەدا نا كە دەستدرێژی كردووەتە سەر كچەكە، بەڵام كچەكە لە ترسی هەڕەشەی كەسوكارەكەی نەیوێرا بچێتەوە ماڵەوە، بۆیە رەوانەی ماڵی داڵدەدانی ئافرەتانی هەڕەشەلێكراو كرا. كوڕەكە زۆری نەمابوو حوكم بدرێ‌، بەڵام كەسوكاری كوڕەكە چوونە لای باوكی كچەكە و داوای ئاشتەواییان كرد و گوتیان كوڕەكەیان ئامادەیە كچەكەی بخوازێ‌".

هەروەها ژیلەمۆ لەو وتارەیدا دەڵێت "كەسوكاری كچەكە قسە لەگەڵ كچەكە دەكەن و داوای لێدەكەن شوو بەو كوڕە بكات، چونكە جگە لەوەی ئابڕووی بنەماڵەكەیان بەهۆی ئەوەوە "لەكەدار" بووە، لە هەمانكاتیشدا خزم و دراوسێ‌ بە مەسەلەكەیان زانیوە و مەحاڵە تازە كەسێك ئامادە بێت بیخوازێ‌. كچەكە بیر لەوە دەكاتەوە ئەگەر بچێتە دەرەوە هەر دەبێ‌ وەڵامی تیر و توانجی خەڵك بداتەوە و كەسیش ئامادە نییە بیخوازێ‌، بۆیە بڕیار دەدات شوو بە كوڕەكە بكات. لە دوایین دانیشتنی دادگادا بۆ ئەو دۆسیەیە، كوڕەكە و كچەكە گوتیان ئامادەن ببنە هاوژینی یەكدی، بۆیە كوڕەكە ئازاد كرا. دوای چەند رۆژێك كچەكە و كوڕەكە چوونە دادگای باری كەسی و گرێبەستیان واژۆ كرد و لەوێ‌ بە كوڕەكە راگەیەنرا كە نابێ‌ تاوەكو سێ‌ ساڵ ئەو ژنە تەڵاق بدات".
لە کۆتایی وتارەکەیدا ئاشکرایدەکات کە ئەو کچە لەو ڕۆژەوەی هاوسەرگیری کردووە خۆشی لە ژیانی نەبینیوە و دەڵێت "ژنەكە گێڕایەوە هەر لەو رۆژەوەی مارە كراوە، خۆشیی لەخۆی نەبینیوە، ئەگەر ئەو مەرجەی دادگا نەبووایە هەر هەفتەی یەكەم تەڵاق دەدرا، كوڕەكە بە هیچ شێوەیەك رێگە نادات منداڵیان ببێ‌. هاوژینەكەی رۆژ دەژمێرێ‌ بۆئەوەی سێ‌ ساڵەكە تەواو ببێ‌ و تەڵاقی بدات، بۆیە ژنەكە داوای دەكرد لە مێردەكەی جیاببێتەوە و ئەگەر ماڵی باوكی قبوڵیان كردەوە، ئەوە دەچێتەوە لای ئەوان، ئەگەرنا دەچێتەوە ماڵی داڵدەدان، قسەمان لەگەڵ كەسوكاری ئافرەتەكە كرد، ئەوان رازی بوون كچەكەیان بگەڕێتەوە لایان، هەروەها بە ئافرەتەكەش راگەیەنرا ئەگەر بیسەلمێنی لەبەر هەڵسوكەوتە خراپەكانی هاوژینەكەت جیا دەبیتەوە، ئەوە دادگا دەتوانێ‌ هاوژینەكەی بە تۆمەتی دەستدرێژی دووبارە دادگایی بكاتەوە. بەڵام ئافرەتەكە گوتی نامەوێ‌ كێشەكە دووبارە سەرهەڵبداتەوە و تەنیا دەمەوێ‌ بگەڕێمەوە لای كەسوكارەكەم".



PM:09:02:08/02/2017