گۆڕان داوای گۆڕینی کۆمسیارانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق دەکات

هۆشیار عەبدوڵڵا، رایگەیاند" ڕێگەدان بەوەی ئەم کۆمسێۆنەی ئێستا هەر هەڵبژاردنێکی تر لە عێراقدا بەڕێوە ببات تاوانە دەرحەق ئیرادەی گەلانی عێراق".

هۆشیار عەبدوڵا پەرلەمانتاری عێراق ڕۆژی پێنج شەممە ڕاگەیاندراوێکی دەربارەی گرنگی پەلەکردن لە گۆڕێنی کۆمسیارانی کۆمسێۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بڵاوکردەوە و لە ناوەرۆکەکەیدا هاتوە کە ئەدائی خراپیی ئەو کۆمسێۆنە لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردودا بە تایبەت هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکانی ساڵی ۲۰۱٤ و هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنیی پارێزگاکانی هەرێمیش بەهەمان شێوە وامان لێدەکات لە پەرلەمان هەوڵی گۆرێنی ئەو کۆمسێۆنە بە زوترین کات بدەین .

هۆشیار عەبدوڵا ڕایگەیاندوە ؛ ئێمە لە بزوتنەوەی گۆڕان قوربانی دەستیی سیاسەتەکانی ئەو کۆمسێۆنە بوین کە بێلایەن نەبون ، لە ئەنجامیشدا قورسایی ئێستامان لە پەرلەمان و پارێزگاکانیش ڕەنگدانەوەی قورسایی جەماوەریمان نیە و ئەو سیاسەتە هەڵانەی کۆمسێون وامانلێدەکات کە پشتیوانی هەر هەوڵێک بکەین و کاربکەین بۆ گۆڕێنی ئەو کۆمسێۆنە .

ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان ئەوەشی ڕاگەیاندوە ؛ جێگەی سەرسوڕمانە کە دامەزراوەیەکی وەک کۆمسێۆنی هەڵبژاردن لە لایەن کەسێکی حزبییەوە سەرۆکایەتی بکرێت و کۆمسیارەکانی تریش لایەنگری سیاسیان ڕون و ئاشکرا دیاربێت، بۆیە ئێمە پشتیوانی ئەوەین کە کۆمسێۆنی نوێ لە خەڵکی بێلایەن و بە توانا و لێهاتوو پێکبهێنرێ .

هۆشیار عەبدوڵڵا هۆشداریداوە لەوەی ئەگەر پەلە نەکرێت لە گۆڕێنی ئەم کۆمسێۆنە و ڕێگەبدرێت ئەوان هەڵبژاردنی داهاتوی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە مانگی ئەیلولی ئەمساڵ ئەنجامبدەن ئەو کاتە دەرفەتی گۆڕینیان نامێنێ و دەبێت ئەوان هەڵبژاردنی داهاتویی پەرلەمانیی عێراقیش بەڕێوەبەرن و ئەمەش کێشەیەکی گەورەیە بۆیە پێویستە کۆمسێۆن بگۆڕێ لە پێناوی ئەوەی ئیرادەی گەل بە شێوە ڕاستەقینەکەی دور لە ساختەکاری بەرجەستە ببێت .



PM:02:00:09/02/2017