ژمارەی كوژراو بریندارەكانی خۆپیشاندانەكەی ئەمرۆی بەغدا راگەیەنرا

ئەمرۆ هەزاران كەس لە لایەنگرانی موقتەدا سەدر ئەمڕۆ لە گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا بۆ گۆڕینی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن خۆپێشاندانیان ساز كرد كە بەهۆی تێكهەڵچونیان لەگەڵ پۆلیس ژمارەیەكیان لێكوژراو برینداربوون.

 دوای سەركوتكردنەوەی خۆپێشاندەران لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی عێراق، نووسینگەی سەدر بەیاننامەیەكی دەركرد و تیایدا داوای لە خۆپێشاندەران كرد كە پاشەكشە بكەن و خۆپێشاندان بۆ كاتێكی تر دوا بخەن و هەڕەشەی لە حكوومەتی عێراقیش كرد و رەفتارەكانی لە بەرامبەر بە خۆپێشاندەران بە تیرۆر وەسف كرد كە لە داهاتوودا هەڵوێستی توندتریان لە بەرامبەر دەبێت.

عەلی تمیمی پارێزگاری (لادراوی) بەغدا سەر بە رەوتی سەدر لەو بارەوە رایگەیاند: لەئەنجامی تێكهەڵچوونی هێزە ئەمنییەكان‌و خۆپیشاندەران چواركەس كوژراو و 320 كەسیش بریندار بوون، لەوانە 79یان بە گولەی راستەقینە بریندار بووبوون.

لای خۆیەوە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق فرمانی دا بە ئەنجامدانی لێكۆڵینەوە لە رووداوەكەی ئەمڕۆ و سزادانی بەرپرسان لە تەقەكردنەكە، نووسینگەی عەبادی لە بەیاننامەیەكدا دووپاتی كردەوە كە سەرۆك وەزیران فرمانی بە لێكۆڵینەوەیەكی وردی لە رووداوەكەی ئەمڕۆ و لێپرسینەوە لە بەرپرسانی كردووە.



PM:08:53:11/02/2017