"یەکێتی قائیمقامی هەڵەبجە نادات بە گۆڕان"

بەرپرسێكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە سنووری شارەزوور رای گەیاند" پۆستی قایمقامی هەڵەبجە نادەن بە بزووتنەوەی گۆڕان و لای یەكێتی دەمێنێتەوە".

ئەحمەد قەدەفەری جێگری بەرپرسی مەڵبەندی نۆی شارەزووری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە ماڵپەڕی "وشە"ی راگەیاند" پۆستی قایمقامی هەڵەبجە لە نێوان یەكێتی و گۆڕان ئاڵوگۆڕ ناكرێت و وەك ئێستە لای یەكێتی دەمێنێتەوە، چونكە تا ئێستە پۆستی پارێزگاری هەڵەبجە بەفەرمی لای گۆڕانە و نەدراوەتە یەكێتی".

ئەو بەرپرسەی یەکێتی لە درێژەی لیدوانەکەیدا دەڵێت"پارێزگاری پێشوو كە عەبدوڵا نەورۆلێ‌ بوو تەنیا چووەتەوە ماڵەوە وەك مۆڵەت، واتە بەفەرمی دەستبەرداری پۆستی پارێزگار نەبووە، بۆیە تا عەلی عوسمان بۆ پۆستی پارێزگاری هەڵەبجە بەفەرمی دانەنرێت وەك كاندیدی یەكێتی و پارێزگاری پێشوو لە پۆستەكەی نەبەخشرێت، پۆستی قایمقامی هەڵەبجە رادەستی گۆڕان ناكەین".

لە بەشێكی تری لێدوانەكەیدا قەدەفەری دەڵێت، كاندیدی گۆڕان بۆ قایمقامی هەڵەبجە بەڕێوەبەری شارەدێی بیارەیە و تا ئێستە بڕیاری دەستبەكاربوونی بۆ دەرنەچووە، ئەگەر بڕیاریشی بۆ دەربچێت ئەو پۆستە ئاڵوگۆڕ ناكەین.




AM:11:12:14/02/2017