هەناردەی نەوتی كوردستان زیاد دەکات

بەپێی ئاماری ئاژانسی بلومبێرگ، هەناردەنی نەوتی هەرێمی كوردستان بە ڕێژەی 13% زیادیكردوە كە بەپێی رێكەوتنی ئۆپیك دەبوایە هەناردەی نەوتی عێراق‌و هەرێم كەم بكرایەتەوە.

ئاژانسی ‌بلومبێرگ بەپشتبەستن بەو داتایانەی لە بریكارەكانی هەناردەكردنی نەوت دەستی كەوتووە ئاماژەی بەوە كردووە، لە 15 رۆژی رابردووی ئەم مانگەدا هەناردەكردنی نەوتی عیراق بۆ سێ ملیۆن‌و 930 هەزار بەرمیل نەوت لەڕۆژێكدا زیادیكردوەو بەراورد بەمانگی كانوونی دووەمی ئەمساڵیش رۆژانە 122 هەزار بەرمیل زیادیكردوە.

ئەوەشی روونكردۆتەوە، فرۆشتنی نەوت لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە (13%) زیادی كردووە، هەروەها هەناردەكردنیش لە بەندەرەكانی بەسرەی باشووری عیراقەوە بەڕێژەی (10%) زیادیكردووە.
زیادكردنی ئاستی هەناردەی نەوتی بەغداو هەولێر لەكاتێكدایە، بەگوێرەی رێكەوتنەكەی ئۆپیك، عیراق رەزامەندی پێشانداوە بڕی 200 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە لەبەرهەمهێنانی خۆی‌و هەرێمی كوردستانیش كەم بكاتەوە.

لەلایەكی دیكەوە، وەزیری نەوتی عیراق رایگەیاندووە، یەدەكی نەوتی عیراق بەراورد بە پێشبینیەكانی پێشوو زیادی كردوە.

لە بەیاننامەیەكدا جبار لعێبی وەزیری نەوتی عیراق روونیكردۆتەوە، بڕی یەدەكی نەوتی عیراق بەراورد بە پێشبینییەكانی پێشوو زیادی كردووە، ئەو زیادبوونەش بۆ 153 ملیار بەرمیل نەوت بەرزبۆتەوە كە بەپێی پێشبینییەكانی پێشوو بڕی یەدەكی نەوتی عیراق 143 ملیار بەرمیل بووە.

راشیگەیاندووە، پێویستە حكومەتی عیراق داوا لە رێكخراوی ئۆپێك بكات كە سەبارەت بە بڕی یەدەكی نەوتی عیراق پشت بە ژمارە نوێیەكە ببەستێت كە 153 ملیار بەرمیل نەوتە.



PM:03:55:21/02/2017