لەسەر دادگاییکردنی چەند ئەفسەرێکی پێشمەرگە روونكردنەوە دەدرێت

لەسەر بڵاوبوونەوەی هەواڵی دادگاییکردنی چەند ئەفسەرێکی وەزارەتەکەیان بەتۆمەتی گەندەڵی، وەزارەتی پێشمەرگە روونکردنەوە دەدات و داواش لە پەرلەمانتاران دەکات لەخۆیانەوە زانیاری ھەڵە بڵاونەکەنەوە.

دلێر مستەفا جێگری سەرۆکی لیژنەی کاروباری پێشمەرگە لەپەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی هەواڵی سلێمانی ڕاگەیاند: زیاتر لە ٢٥ ئەفسەرو پێشمەرگە بەتۆمەتی گومانی گەندەڵی لە نەسریەی فەوجەکان و دزینی پارەی چەک و تەقەمەنی و غازو نەوت، دراونەتە دادگاو لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.

لەلایەن خۆشیەوە جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە ئەو هەواڵە رەتدەكاتەوە و ڕایدەگەیەنێت: ھیچ کەسێک لەلای ئێمە بەتۆمەتی گەندەڵی دەستگیرنەکراوە و ڕەخنەش لەپەرلەمانتارانی لیژنەی کاروباری پێشمەرگەی پەرلەمانی کوردستان گرت.
ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە وتیشی: پەرلەمانتاران بەبێ ئەوەی زانیاریان ھەبێت بابەت بڵاودەکەنەوە، جارێکی تریش ئاگاداریان دەکەینەوە کە بەشێکی زۆری ئەو زانیاریانەی بڵاویدەکەنەوە ھەڵەیە، بۆئەوەی زانیاری راست بڵاوبکەنەوە با سەردانمان بکەن.

ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت: پەرلەمانتاران وەک پروپاگەندە زانیاریەکان دەبیستن یاخود لەپێشمەرگەی ئاساییەوە پێیان دەگات و بڵاویدەکەنەوە، تکا لەپەرلەمانتاران دەکەین بەتایبەت لیژنەی پێشمەرگە، بۆئەوەی ھەواڵ و ژمارەکانیان راست بێت، پەیوەندیمان پێوە بکەن و ئێمەش ئامادەین بۆ پێدانی ھەموو زانیاریەک.



PM:12:28:22/02/2017