" بارزانی و ئۆردوغان لەمەڕ پەکخستنی پەرلەمان دەرچووی یەک قوتابخانەن"

پەرلەمانتارێکی گۆڕان، لەسەر پەکخستنی پەرلەمان و دەستگیرکردنی پەرلەمانتاران، رایگەیاند " ئەم ئەزمونەی كە بارزانی كردی لە بەرامبەر پەرلەماندا، هەمان ئەزمونە لە توركیا دووبارە بویەوە، دیارە ئەم دوانە دەرچوی یەك قوتابخانەن".
 
دوێنێ مافی ئەندامیەتی پەرلەمان لە فیگەن یوكسەکداغ ئەندام پەرلەمانی تورکیا لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی گەلان-هەدەپە، کە هاوکات هاوسەرۆكی هەدەپە سەندرایەوە، هەروەها پەرلەمانتاری شاری ئاماد (ئیدریس بالۆكان) لە نەخۆشخانە دەستگیركرا.
 
لەبارەی ئەو هەڵوێستانەی دەوڵەتی توركیا دەیگرێتە بەر لەبەرامبەر پەرلەمانتارانی كورد، عومەر عینایەت ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی كورستان لە فراکسیۆنی گۆڕان، ڕاگەیاند"من ئیدانەی ئەو هەڵوێستانەی دەوڵەتی توركیا دەكەم، چونكە ئەندامی پەرلەمان هەڵبژێردراوی خەڵكە، هیچ كەس بۆی نیە پارێزبەندی لەسەر لاببات، ئەو پارێزبەندییەی كە لە سەر ئەندام پەرلەمان-ە كوردەكانی نێو پەرلەمانی توركیا لادەبرێت مەبەستی سیاسی لەپشتە و ئەو دادگایانەشی كە دەكرێت دادگایی سیاسییە، من ئیدانەی ئەو هەڵوێستانەی دەوڵەتی توركیا دەكەم، وە پشتگیری هەموو ئەو هەنگاوانە دەكەم كە برایانمان لە هەدەپە دەینێن بۆ چارەسەركردنی كێشەی كورد بەشێوەیەكی ئاشتیانە".
 
دەربارەی هەڵوێستی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بەرامبەر كردەوەكانی دەوڵەتی توركیا و پشتگیریكردنی هەدەپە، عومەر عینایەت وتی:" زۆر بەداخەوە هەڵوێستەكان لە باشوری كوردستان بۆ پشتگیری هەدەپە، هەڵوێستێكی لاواز و شەرمنانەیە، پێویستە هەڵوێتی جدی هەبێت، دەبوو ڕێپێوانی گەورە لەلایەن لایەنە سیاسییەكانەوە ئەنجام بدرایە بۆ پشتگیری كردنی هەدەپە".
 
عومەر عینایەت لە درێژەی لێدوانەکەیدا بۆ رۆژ نیوز وتی" بێ هەڵوێستی لایەنەكانی باشوری كوردستان كاردانەوەی ئەو سیاسەتەیە كە دوژمنانی كورد كردویانە لەگەڵ لایەنە سیاسیەكاندا، بۆنمونە لایەنێكی كوردیان لەخۆیان گرتووەو ڕێكەوتنیان لەگەڵدا ئەنجام داوە بۆئەوەی دەستی كراوە نەبێت بۆ هەڵوێست وەرگرتن دژ بەئامانجی ئەوان".

 لەبارەی لێكچونی پەكخستنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان و دەستگیركردنی پەرلەمانتارانی هەدەپە لە باكوری كوردستان عەمەر عینایەت وتی:"ئەم ئەزمونەی كە بەڕێز مەسعود بارزانی كردی لە بەرامبەر پەرلەماندا هەمان ئەزمونە لە توركیا دووبارە بویەوە، دیارە ئەم دوانە دەرچوی یەك قوتابخانەن". 



PM:03:38:22/02/2017