مەحمود سەنگاوی: فەرید ئەسەسەرد بۆی نیە بڵێ باڵی ناوەندی بڕیار ماوە یان نا

لەكاردانەوەیەكدا بە وتەكانی فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی كە وتبوویی باڵی ناوەندی بڕیار كۆتایی پێهاتووە، مەحمود سەنگاوی ئەندامی مەكتەبی سیاسی ئەو حیزبە دەڵێت "كاك فەرید لەخۆیەوە لێدوان دەدات".

لەبەرانبەر لێدوانێكی فەرید ئەسەسەرد ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتی، كە وتبوی باڵی ناوەندی بڕیار كۆتاییهاتوە و ئێستا حزبەكەیان یەك باڵە، ئەمڕۆ مەحمود سەنگاوی ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی لەلێدوانێكدا بەرادیۆی نەوای راگەیاند، بەداخەوە كاك فەرید ئەسەسەرد لەخۆیەوە لێدوان دەدات و دەڵێت باڵی ناوەندی بڕیار نەماوە، كاك فەرید بۆی نییە بڵێ‌ باڵی ناوەند نەماوە یان نا.

وتیشی "باڵی ناوەندی بڕیار لەكاتێكدا كۆتایی پێدێت كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بكەوێتە سەر رێگا راستەكەی خۆی و گۆڕانگاری لە سیاسەت و دەسەڵات و حكومەتیدا بە قازانجی خەڵك بكات".

ئاماژەی بەوەشدا كە ئەوان چیان دەوێت و وتی "ئێمە كێشەمان دەسەڵات یان شتی تر نییە، كێشەمان خەڵكە، هەركات سیاسەتی ئێمە كەوتە خزمەتی خەڵكەوە، ئەوكات ناوەندی بڕیار كۆتایی پێدێت".

مەحمود سەنگاوی ئەوەشیخستەڕوو كە "بەشداریكردنیان لە كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی و ئەنجومەنی سەركردایەتی بە ئومێدی ئەوە بووە یەكێتی بخەنەوە سەر رێگا راستەكەی خۆی". وتیشی "كاك فەرید بۆ خۆی قسەی كردووە و ناوەندی بڕیار ماوە تا گۆڕانكاری لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا دەكرێت، كە ئەو گۆڕانكارییە كرا، هەموو ناوەندەكانی ناو یەكێتی نامێنن".



PM:12:38:23/02/2017