"بۆ هەناردەكردنی نەوتی كەركوك بۆ ئێران پرس بە حكومەتی هەرێم نەكراوە"

بەڕێوەبەری گشتی پەیوەندییەكانی ئێران‌و هەرێم رایدەگەیەنێت لەبارەی بڕیاری هەناردەكردنی نەوتی كەركوك بۆ ئێران پرس بە حكومەتی هەرێمی كوردستان نەكراوە.

عەبدوڵا ئاكرێی، بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەكانی ئێران ‌و هەرێمی كوردستان لە فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە رووداوی وتوە: ماوەی هەشت ساڵە باس لەوە دەكرێت، نەوتی كەركوك بە ئێران دەفرۆشرێت‌، بەڵام ئەوە تاوەكو ئێستا هەر قسە‌یە.

وتیشی "ئێستاش كە باس دەكرێتەوە لەو بڕوایەدا نین بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، چونكە هیچ پرسێك بە حكومەتی هەرێمی كوردستان نەكراوە".

ئاكرێی جەختیكردەوە، ئەگەر كۆماری ئیسلامی ئێران بەمەستی بێت نەوتی كەركوك بكڕێت، دەبێت پرس ‌و راوێژ بە حكومەتی هەرێمی كوردستانیش بكات، چونكە "هەناردەكردنی نەوتی كەركوك بۆ ئێران بەبێ‌ پرس هەرێمی كوردستان، كێشەی بۆ دروست دەبێت. ئێران خۆشی ئەوە باش دەزانێت".

پێشتر وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاندبوو، عێراق و ئێران یاداشتێكی لێكتێگەیشتیان بۆ هەناردەكردنی بەشێك لە نەوتی كەركوك بۆ ئێران واژۆكردووە.

ئیداره‌ و ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركویش دڵنیان لەوەی رێکكه‌وتنی نێوان تاران و بەغدا به‌بێ پرسی ئه‌وان هیچ ئه‌نجامێكی نابێت.



PM:02:38:23/02/2017