كەركووك و شێروانە سەركەوتن بۆ چوار گۆشەی زێرین و گارەش ماڵئاوایی لە خولەكە كرد

 لە چوارچێوەی یارییەكانی هەفتەی حەفتەم و كۆتایی قۆناغی دووەمی خولی نایابی پێشمەرگەی كوردستان بۆ تۆپی پێی، ئەمرۆ پێنجشەممە سێ یاری لە كۆمەڵەی دووەمی خولەكە ئەنجامدرا.
لە یاریگەی كەركووك بە ئامادەبوونی جەماوەرێكی زۆر یانەی كەركووك توانی بلیتی سەركەوتن بۆ چوار گۆشەی زێرین بۆ خۆی مسۆگەر بكات دوای ئەوەی بە ئەنجامی (4-1 ) گۆڵ لە یانەی ئاراراتی بردەوە.
لە گێمی یەكەمی یارییەكە یانەی كەركووك لە خولەكی 17 لە رێگەی یاریزان عەلی سیروان بە لێدانێكی بەهێز لە دەرەوەی ناوچەی سزا توانی گۆڵی یەكەم بۆ یانەكەی تۆمار بكات، لە خولەكی 34 یاریزانی یانەی ئارارات ئامانج فەخەرەدین توانی گۆڵی یەكسانبوون بە لێدانێكی سەری جوان تۆمار بكات، بەڵام لە خولەكی 41 یاریزانی پیشەگەری نێجیری یانەی كەركووك بنجامین ئۆكۆباجی توانی گۆڵی دووەم بە لێدانێكی سەری جوان تۆماربكات.
لە گێمی دووەم و لە خولەكی 51 یانەی كەركووك لە رێگەی یاریزان بەرهەم بەهائەدین گۆڵی سێیەم تۆمار بكات و لە خولەكی 85 یاریزان چۆمان عومەر چوارەم گۆڵی یانەكەی تۆماركرد. یارییەكەش بەم ئەنجام بەردەوام بوو تا ناوبژیوانی یارییەكە فیكەی تەواوبوونی لێدا بەسەركەوتنی یانەی كەركووك.
لە شاری كەلار هەردوو یانەی شێروانە و زاخۆ رووبەرووی یەكتربوونەوە، لەم یارییە یانەی شێروانە توانی سەركەوتنێكی گرنگ تۆمار بكات و بە ئەنجامی (1-0) لە یانەی زاخۆ بباتەوە و دووەم بلیتی سەركەوتن بۆ چوار گۆشەی زێرین بۆ خۆی مسۆگەر بكات، تاكە گۆڵی یارییەكە لە رێگەی یاریزان عەلی كاكەمینە لە گێمی یەكەمی یارییەكە تۆماریكرد.
لە سلێمانی یانەی سیروانی نوێ سەركەوتنێكی گرنگی تۆمار كرد و بە ئەنجامی (1-0) گۆڵ لە یانەی گارەی بردەوە، تاكە گۆڵی یارییەكە لە رێگەی یاریزان شاڵاو عەباس لە خولەكی 61 تۆماریكرد، بەم ئەنجامە یانەی گارە بەفەرمی دابەزیە خولی پلە یەكەكانی كوردستان و یانەی سیروانی نوێ مانەوەی خۆی لە خولەكە مسۆگەر كرد.
ریزبەندی خولەكە دوای تەواوبوونی یارییەكانی خولەكە:
1- كەركووك 19 خاڵ
2- شێروانە 19 خاڵ
3- زاخۆ 17 خاڵ
4- ئارارات 16 خاڵ
5- هەندرێن 15 خاڵ
6- سیروانی نوێ 14 خاڵ
7- گارە 8 خاڵ



spee-kfa


PM:06:59:23/02/2017