وێنەیەکی نوێی نەوشیروان مستەفا بلآودەکرێتەوە

ئەمشەو ٢/٢٤ وێنەیەکی نوێی رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان نەوشیروان مستەفا لە لەندەن بلآوکرایەوە.

وێنەکە وەک پەیجەکانی گۆڕان لکە تۆڕی کۆمەلآیەتی فەیسبووک ئاماژەی بۆ دەکەن، ئەمشەو گیراوەو دوای تەواوکردنی کتێبێکی نوێی ناوبراوە. ( بەبێ ئەوەی ئاماژە بۆ ناو و ناوەرۆکی کتێبەکە بکرێت ).

بلآوکردنەوەی ئەم وێنەیە لەکاتێکدایە کە بەرپرسانی ئەو بزووتنەوەی ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن هاتنەوەی ریکخەری گشتی بزووتنەوەکەیان نزیکبۆتەوەو بەم زووانە دەگەڕێتەوە کوردستان.

نەوشیروان مستەفا ئەمین (لەدایکبووی ١٩٤٤ لە سلێمانی) ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕانە و جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو و درووستکەری باڵی ڕیفۆرم بوو لە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، دوای ئەوەی نەیتوانی ڕیفۆرم لەنێو یەکێتیدا بکات لە ساڵی ٢٠٠٦ وازی لە کاری حیزبیی لەناو یەکێتیدا ھێنا و دەستی کرد بە کاری ڕاگەیاندن وەک دەرکردنی ڕۆژنامەی ڕۆژنامە، ماڵپەڕی سبەی، کەی ئێن ئێن، ڕادیۆی دەنگی گۆڕان و سەنتەرێکی ڕاپرسی. لە ساڵی ٢٠٠٩ دا بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نەوشیروان مستەفا لەگەڵ ھەڤاڵەکانی بە لیستێکی نوێ و بەناوی لیستی گۆڕانەوە دەستیان کردەوە بە کاری سیاسی توانیان لە هەڵبژرانی ٢٠٠٩ لە پەرلەمانی کوردستان ٢٥ کورسی لەکۆی ١١١ کورسی بەدەستبهێنن، لە هەڵبژاردنی ٢٠١٣دا بەهەمان شێوە توانیان ٢٤ کورسی بدەستبهێنن، لە ١٢ ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٥ پارتی دیموکراتی کوردستان رێگای لە سەرۆکی پەرلەمان گرت بچێتەوە سەرکارەکەی لەهەولێر، هەروەها رۆژێک پێش ئەو بەروارە پارتی وەزیرەکانی گۆڕان لە حکومەتی بنکە فراوان دەرکرد.

نەوشیروان مستەفا لە ساڵی ١٩٤٤ لە گەڕەکی سەرشەقام (بەرخانەقا)ی شاری سلێمانی لە بنەماڵەیەکی ناسراو و ڕۆشنبیری ئەو شارە لە دایکبووە. نەوشیروان مستەفا وەک ھاوڕێ نزیکەکانی دەگێڕنەوە سەرەتای شەستەکانی سەدەی ڕابوردوو دەستی بە کاروچالاکی سیاسی کردووە، یەکەم وێستگەی ژیانی سیاسیشی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان بووە.

قوتابخانەی سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەندی لە شاری سلێمانی تەواوکردووە، پاشان لە ساڵی ١٩٦٧ کۆلێژی زانستە سیاسییەکانی لە زانکۆی بەغدا تەواو کردووە، لە سەرەتای ساڵانی شەستەکانی سەدەی ڕابوردووەوە لە ڕیزەکانی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان چالاکانە کاری کردووە.

لە ساڵانی ١٩٦٣ و ١٩٦٤ بۆتە ئەندامی سکرتاریەتی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان. ھەر لەو ماوەیەدا بۆتە ئەندام لە پارتی دیموکراتی کوردستان. لە ساڵی ١٩٦٧ بۆتە ئەندامی لقی سلێمانیی پارتی دیموکراتی کوردستان.

نەوشیروان مستەفا لە ساڵی ١٩٨١ خێزانی پێکەوە ناوە، خێزانەکەی خوشکەزای ڕەفعەتی مەلای ھاوڕێی دێرینی شاخ و شاریەتی و ، خاوەنی دوو کوڕ و کچێکە بەناوەکانی (نما، چیا، چرا).




PM:11:00:24/02/2017