سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەسەر کۆبوونەوە دوو رۆژیەکەی کە گفتوگۆی لەسەر نەخشەڕێگای یەکێتی بۆ چارەسەکردنی بارودۆخ کرد، راگەیاندنێکی بڵاوکردەوە.
گەلی ئازادیخوازی کوردستان!
پێشمەرگەو کەسوکاری شەھیدان!
لەھەلومەرجێکی ئەگەری جۆراوجۆری سیاسیو سەختی گوزەرانی خەڵکو نزیکبوونەوە لەسەرکەوتن بەسەر داعشدا، ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی، بە سەرپەرشتی جێگری سکرتێری گشتی یەکێتیی، ھەڤاڵ کۆسرەت رەسوڵ عەلی، لەسەر گەڵاڵەی نەخشەڕێگەی یەکێتیی، کۆبوونەوەیەکی گرنگی ئەنجامدا.
گرنگ؛ لەبەرئەوەی گوزەرانی خەڵکو کێشەی موچەو پاشکەوتی موچە، خەمی سەرەکی یەکێتییەو سەرکردایەتی، لەچەندین بڕگەی نەخشەڕێگەکەدا، باسی کردووەو پێشنیازی چارەسەری کردووە.
گرنگ؛ لەبەرئەوەی دۆخی ناوچەکە، دوای سەرکەوتن بەسەر داعش، دەرگای ئەگەری جۆراوجۆرو نیگەرانی دەخاتە سەرپشت، بەڵام مەخابن، ھێزە کوردستانییەکان لەبنبەستی سیاسی، دەرباز نەبوین.
گرنگ؛ چونکە، یەکێتیی لەھەناوی خۆیدا، کێشەمان ھەبوو، بەپشوو درێژییو پەرۆشی، کۆبوونەوەکە ئەنجامدراو بڕیاریشدراوە، چارەسەری گونجاویش بۆ کێشەکان بدۆزینەوەو دڵی یەکێتییەکانو دۆستانو پشتیوانان خۆشو ئاواتی دژو نەیارانیش، بنێژین.
جەماوەری کۆڵنەدەر!
سەبارەت بەکێشەی موچەی فەرمانبەران و کرێکارانو تێکڕا موچەخۆران، لەکاتێکدا کۆبوونەوە بەئومێدەوە دەڕوانێتە چاکسازی داوو دەزگاکانو سیستەمی بایۆمەترییو بەرزبوونەوەی نرخی نەوتو داھاتی حکومەت، لەھەمانکاتدا، کۆبوونەوەی سەرکردایەتی پێیوایە، ھەرچی زووتر، بەکردەوە ھەنگاوی چارەسەری کێشەی خەڵکو موچەو بازاڕو بانکەکان بنرێ، باشترە. بەتایبەتی کێشەی پێدانەوەی پاشکەوتی موچەو دڵنیایی چۆنییەتی چارەسەرکردنی پێویستە، چونکە ئەم کێشەیە بەقوڵی کاریگەری لەسەر رای گشتی ھەیە.
دەربارەی دۆخی سیاسیش، چەند سەرکەوتنی عەسکەری بەسەر داعشدا مێژووییە، لەھەمانکاتدا، ئەگەری سیاسی مەترسیداریش ناکرێ فەرامۆش بکرێ. بەتایبەتی لەناوچەکەدا، کەینو بەینی مەترسیدار لەئارای حکومەتە ئیقلیمییەکاندا ھەیە، سەبارەت بە دوژمنایەتی دیموکراسیو سەپاندنەوەی رێککەوتنی نەخوازراو.
لەبەر رۆشنایی رووداوەکاندا، لەکاتێکدا ھیچ دەستبەرێکی دیموکراسی لەگفتوگۆی ئیقلیمی و جیھانی نەزانراوە، جێی داخە، ھێزە کوردستانییەکانیش، لەھیچ بەشێکی کوردستاندا، کێشە ناوخۆییەکانمان چارەسەر نەکردووەو ئامادەی روو بەڕووبونەوەی ھەر مەترسییەکی چاوەڕواننەکراویش نین.
لەباشوری کوردستاندا، ھەوڵی بەرچاو دراوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بەڵام نەگەیشتۆتە ئەنجام.
سەرکردایەتی یەکێتیی، لەکاتێکدا، تاقەرێگەی راستەقینە، بەدیالۆگی بێ مەرج بۆ چارەسەرەکان دەزانێ، لەھەمانکاتدا، پێیوایە، نەرمی نواندن لەدیالۆگی نیشتمانیدا، ئەرکی نەتەوەییە. بەپێچەوانەشەوە، سوور بوون لەسەر بڕیارو بەرنامەکانی پێشوو، نادیدە گرتنی مەترسییەکانی ھەلومەرجەکەیەو زیانەکانی لەمەودوای ئەم جۆرە سیاسەتەی دوو ساڵی رابوردوو، زیاتر دەبێ بۆ پرسی کورد لەسەرانسەری کوردستاندا.
جەماوەری وشیار!
لەنەخشەڕێگەی ئامادەکراوی یەکێتیدا، تەواوی جومگە ھەستیارەکانی گرنگ بۆ گەلەکەمان، لەنەوت و گازەوە، بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان، چارەسەری کێشەی سەرۆکایەتییەکان، حکومەتی ھاوبەشو ھاوسەنگی راستەقینە، پەیوەندی ھەرێمو بەغداد، چاکسازی، پاکسازییو نوێسازی، ریفراندۆم و سەربەخۆیی، تێکڕای ئەو پرسانە باسکراون و بەگیانێکی ھاڤاڵانە، قسەیان دەربارە کراو سەرەنجام، بڕیاردراوە، بەوەرگرتنی رەخنەو تێبینی ھەڤاڵانی کۆبوونەوەی سەرکردایەتی، نەخشەڕێگەکە دەوڵەمەند بکرێو فۆرمیلە بکرێتەوە.. بەئومێدی ئەوەی دەرگای دیالۆگێکی فراوان بکرێتەوەو سازانی راستەقینە بۆ بەرژەوەندی باڵای گەلەکەمان، بگەیەنینە ئەنجام.
بۆ ئاڵوگۆڕیش لەپۆستەکانو ئۆرگانەکان، سەرکردایەتی پەسەندی کردو بڕیارە، دوو لیژنە پێکبھێندرێو لەنزیکترین کاتدا، سەرکردایەتی کۆدەبێتەوەو لیژنەکانو نەخشەڕێگە ھەموارکراوەکەش، دوا پەسەند بکرێ..
یەکێتییە پەرۆشەکان!
کۆبوونەوەکانی مەکتەبی سیاسیو سەرکردایەتی، داخوازی پەیتا پەیتای ئێوە بوو لەچەند مانگی رابوردوودا. وا کۆبوونەوەکان ئەنجامدرانو گیانی نوێی ھەڤاڵێتی، لەناو کۆبوونەوەکاندا رەنگیدایەوە. ئەمەش مژدەیەکی گەورەی ھەڤاڵانی سەرکردایەتییە بۆ جەنابی مام جەلالو کەسوکاری شەھیدانو پێشمەرگەو تەواوی ئەندامو ئۆرگانەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
ئەنجومەنی سەرکردایەتی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
٢٥/٢/٢٠١٧