پەروەردە داوا لەمامۆستایان دەكات سەردانیان بكەن بۆ وەرگرتنی پارەكانیان
بەرێوەبەرایەتی پەروەردەی گشتی سلێمانی ئاگادارییەکی سەبارەت بە پارەی هاندان ئاراستەی بەڕێوەبەرێتییەکانی پەروەردەی سنورەکەی کردووە.
ئەمڕۆ 26/2 بەرێوەبەرایەتی پەروەردەی گشتی سلێمانی لە ئاگادارییەکدا ڕایگەیاندووە "هەر پەروەردەیەكی سەر بە بەڕِێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی كارەكانی لیستی هاندانی مامۆستایانی تەواوكردوە، سەردانی گەنجینەی سلێمانی بكەن بۆ وەرگرتنی پارەکە".
بەپێی ڕێنماییەکی وەزارەتی دارایی کە ڕۆژی ١٦ی کانوونی دووەم بڵاویکردووەتەوە ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە "بڕیاردراوە بە خەرجکردنی بڕی ١٥٠ هەزار دینار بۆ بەڕێوەبەر و مامۆستایان و توێژەرانی کۆمەڵایەتی قوتابخانەکان کە لە دەرەوەی سەنتەری شار دەوام دەکەن".
هەر بەپێی نوسراوەکەی وەزارەتی دارایی "بڕیاردراوە بە خەرجکردنی ١٠٠ هەزار دیناریش بۆ بەڕێوەبەر و مامۆستایان و توێژەرانی کۆمەڵایەتی قوتابخانەکان کەلە سەنتەری شار و پارێزگاکان و قەزاکاندا دەوام دەکەن".
PM:03:49:26/02/2017