کچێکی کورد چیرۆکی بوونی بە لەشفرۆش دەگێڕێتەوە

ژنێکی کوردی تەمەن ٤٥ ساڵ چیرۆکی بوونی بە لەشفرۆش بۆ ڕۆژنامەیە دەگێڕێتەوە و دەڵێت هەر چوار منداڵەکەم بە لەشفرۆشی بە خێو کرد.

ئەو ژنە ناوی شادییە، بەڵام بە پێچەوانەی ناوەکەیەوە ژیانێکی پڕ ئازاری تێپەڕاند و ادی نەبینی ئەو بە باسی وتووە "تەمەنم شازدە ساڵ بوو، کاتێک پەیوەندیم لەگەڵ کوڕە دراوسێیەکمان دانا، بەنھێنی لە سەربانی ماڵی ئێمە یەکترمان دەبینی، ھەموو کێشەکانی ژیانم لەو پەیوەندییەوە دەستیان پێکرد."

شادی ھەرچەندە نیشانەکانی پیری لە روخساریدا دەرکەوتووە، بەڵام لە قسەکردندا زۆر وەسفی خۆی دەکات کە: "جوانترین کچی گەڕەکی خۆیان" بووە. بەھۆی ئەوەشەوە تووشی داوی پیاوی خراپ بووە.

شادی دەڵێت"تا پۆلی چواری سەرەتاییم خوێندووە، دوای ئەوە باوکم گوتی، ئەوەندە بەسە و وازیان پێ لە خوێندن ھێنام، لە تەمەنی شازدە ساڵییەوە پەیوەندیم لەگەڵ کوڕێکی دراوسێمان دروست کرد، بەھۆی ئەوەوە ھەموو ژیانم سووتا".

ئەو خانمە دەڵێت سەرەتا پێم وابوو ئەویش منی خۆشدەوێت و ڕایگەیاند "نەمزانی چەند جار یەکتر دەبینین ھەمووی بۆ برادەرەکانی دەگێڕێتەوە، نامەکانم پیشانی خەڵک دەدات و خۆی پێیانەوە ھەڵدەکێشێت کە پەیوەندیی لەگەڵ جوانترین کچی گەڕەکدا ھەیە".

وتیشی "کاتێک باوک و براکەم پەیوەندیی من و ئەو کوڕەیان بیستەوە، دوای چاودێری پێکەوە گرتیانین، کوڕەکە دوای ئەوەی خۆی لە دەستی براکەم رزگار کرد، لەجیاتی بێتە خوازبێنیم خۆی ون کرد، بۆیە بابم گوتی لەجیاتی ئەوەی بیکوژم، دەیدەمە برادەرێکم کە ژنی مردووە".

ئەو ژیانێکی سەختی تێپەڕاند بە وتەی خۆی دراوە بە پیاوێک ٢٠ ساڵ لە خۆی گەورەتر بووە و دەڵێت "تا مردیش نەمتوانی خۆشم بوێت، سێ منداڵم لێی بوو، بەڵام ئەو چیرۆکی منی دەزانی و زۆر خراپ بوو لەگەڵمدا، بەردەوام سووکایەتیی پێ دەکردم و لێی دەدام، تا دواتر لە رووداوێکدا تیا چوو. ئیدی من بێ سەرپەرشت مامەوە، چونکە ماڵی باوکیشم دوای ئەو ھەموو ساڵە لەخۆیان نەگرتم، تەنیا بە دزییەوە دایکم دەھات بۆ لام".

ڕۆژنامەکە نوسییویەتی "دوای ئەوەی ھاوسەرەکەی نامێنێت. بە سێ منداڵەوە دەمێنێتەوە، گەورەکەیان ١٢ ساڵ بووە. شەش مانگ دوای پرسەی مێردەکەی، شادی لە کارگەیەکی ئەھلی دەکەوێتە کار، بەڵام ناتوانێ پێداویستیی منداڵەکانی دابین بکات، لەگەڵ ئەوەشدا کرێچی بووە، بۆیە پیاوێک دەناسێت و دەیەوێ شوو بکاتەوە: "سەرەتا وامزانی بۆ ئەوە لێم نزیک دەبێتەوە، کە مارەم بکات، بە بیانووی یارمەتیدانم شەوێک ھات و تا درەنگ خۆی تاخیر کرد لە ماڵمان، کاتێک منداڵەکانم خەوتن، ھاتە لام و گوتی، ئەگەر لەگەڵم بی ناھێڵم پێویستت بە ھیچ بێت، منیش رازی بووم".

هەر لە ڕاپۆرتی ئەو ڕۆژنامەیەدا هاتووە "بەپێی قسەی ئەو ژنە، ئەو پیاوەش وەکو کوڕەکەی یەکەم، لای برادەرەکانی باسی کردووە، دوای ماوەیەک جەند پیاوێکی تر داوای پەیوەندییان لێی کردووە، کاتێک رازی نەبووە گوتوویانە، ئەی بۆچی لەگەڵ فلانە کەس رادەبوێری، تا تەسلیمی چەند پیاوێکی تر بووە و لەبەرمبەردا خەرجیی منداڵەکانی وەرگرتووە، ئەو ئێستا لە کارەکەی پەشیمانە و دەڵێ ئەوپەڕی سووکایەتییە، بەڵام وازی لێ ناھێنێت: "ئێستاش نازانم چۆن وا بەخێرایی ناوم بڵاو بووەوە و بوومە لەشفرۆش، ئەو پیاوە نامەردە برادەرەکانیشی بۆ ناردم، کاتێکیش بە پیاوەکەم دەگوت، بۆچی لای پیاوی تر باسی من دەکەی؟ دەیگوت خۆت شەریف مەکە، پێش منیش لەگەڵ پیاوی تر راتبواردووە".

ئەو ئێستا کچەکانی شویان کردووە و کوڕەکەشی ژنی هێناوە بەڵام حاشایان کردووە"بڕیارم دا ماڵ بۆ شوێنێکی تر بگوازمەوە و واز لەو کارە بێنم، وام کرد، پیاوێک لێم ھاتە پێشەوە و داوام لێ کرد مارەم بکات، ئەویش رازی بوو، بەڵام کاتێکم زانی ئەو پیاوە پێشتر بەدوامەوە بووە و دەزانێ من لەشفرۆشیم کردووە، مارەی بڕیبووم. دوای ئەوە خۆی پیاوی بانگ دەکرد و لە ماڵ دەردەچوو".

، موقەدەم ژیلەمۆ، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان دەڵێت، بەکارھێنانی ئافرەت بۆ لەشفرۆشی و لەشفرۆشی بەپێی یاسای ژمارە ٨ی ساڵی ١٩٨٨ تاوانە و سزای ھەیە. بەپێی ئەم یاسایە، ھەر کەسێ شوێنێکی خۆی بەکار بێنێ یان ھانی لەشفرۆشی بدات، ئەگەر سەلمێنرا ئەوا سزاکەی ٩ ساڵە. ئەو کەسەی لەشفرۆشی دەکات ئەوا سزاکەی لە ٣ مانگ تا ٢ ساڵە. ئەو کەسەی کە بەکاری دێنێ، واتە لەشفرۆشی بە کەسێک دەکات، سزاکەی لە ٥ ساڵ بۆ سەرەوەیە. ھەروەھا بەپێی یاسای توندوتیژیی خێزانی، ژمارە ٨ی ساڵی ٢٠١١ ھەر کەسێک لەشفرۆشی بە خێزانەکەی بکات، ئەوا سزاکەی لە ٦ مانگ تا ٣ ساڵە.

موقەدەم ژیلەمۆ بە باسی وتووە"ئەو سزایانە کاتێک دیاری دەکرێن کە سکاڵا ھەبێت، ئەگەر سکاڵا نەبێت بەڵام بسەلمێنرێت ئەوا مافی گشتیی تێدایە و ھەمان سزا دیاری دەکرێت".

هەروەها وتوویەتی "لەوانەیە ژنان وا تێگەیشتبن کە ئەگەر سکاڵا تۆمار بکەن دەستگیر دەکرێن، بەپێچەوانەوە لە زۆربەی حاڵەتدا ئەو ئافرەتانە قوربانین، بۆیە وەکو قوربانی مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت. ھەندێ جار تەنانەت دەستگیریش ناکرێن، بەڵکو حکوومەت ھاوکارییان دەکات و شوێنی حەوانەیان بۆ دابین دەکات و بەخێویان دەکات، واتا ناچار نابن لەشفرۆشی بکەنەوە، بە مەرجێک پەنا بەرنە بەر یاسا بۆ رزگاربوون لەو کارەیان".



PM:10:51:26/02/2017