لەسەر کۆبوونەوەی ئوردوغان و بارزانی سەرۆکایەتی هەرێم راگەیاندراوێک بڵاودەکاتەوە

لەسەر سەردانی بارزانی بۆ تورکیا و کۆبوونەوەی یەک کاتژمێریەکەی لەگەڵ ئۆردوغان، سەرۆکایەتی هەرێم راگەیاندراوێک بڵاودەکاتەوە.

لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە" لە كۆبوونەوەیەكەدا لەگەڵ ئۆردوغان كە برات بەیراق وەزیری وزە و ئەحمەد یڵدیز جێگری وەزیری دەرەوە و هاكان فیدان سەرۆكی دەزگەی هەواڵگریی توركیا ئامادە بوون پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا بە تایبەت لە بواری ئابووری خرایە بەر باس و گفتوگۆ و، وێڕای ئاماژەدان بە دەرئەنجامەكانی سەردانی پێشووی سەرۆك وەزیرانی توركیا بۆ هەرێمی كوردستان، سەرۆك كۆماری توركیا ڕایگەیاند كە بۆ تاوتوێكردنی بارودۆخی ئابووریی هەرێم حكوومەتی هەرێمی كوردستان بانگهێشت دەكات بۆ ئەوەی سەردانی توركیا بكات".

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا باس لە شەڕی تیرۆریستانی داعش و قۆناغەكانی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ كرا و سەرۆك كۆماری توركیا پشتیوانیی خۆی بۆ هەرێمی كوردستان لە شەڕی دژی داعش دووپاتكردەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە" هەر لەو كۆبوونەوەیەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و سووریا و كۆنفڕانسی جێنێڤ و دوا گۆڕانكارییەكان لە هاوكێشە نێودەوڵەتییەكانی كاریگەر لەسەر ناوچەكە و هەروەها پەیوەندییەكانی نێوان عێراق و توركیا ئاڵوگۆڕ كرا".

لەو دیدارەدا فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم و سەفین دزەیی گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان یاوەری  بارزانی بوون.
وا بڕیاریشە بارزانی سبەی یڵدێرم سەرۆک وەزیرانی تورکیا ببینێت. 



PM:11:33:26/02/2017