موراد قەرەیلآن نهێنییەکی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ تورکەکان ئاشکرا دەکات

موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە نهێنی سەردانێکی نێچرڤان بارزانی بۆ تورکیا ئاشکرا دەکات کە دەسەلآتدارانی ئەو ولآتە نایەنەوێت کورد خاوەنی سەرۆک وەزیران بێت.

لە چاوپێکەوتنێک لە گەڵ ئاژانسی فراتنیوزی نزیک پەکەکە، موراد قەرەیلآن دەڵێت" " لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٠٥دا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی چاوپێکەوتنێکم ئەنجامدا، ئەو کات بە منی وت ( من وەکو سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان چووم بۆ تورکیا، لەوێ پۆستەکەمیان لێ پرسیم، من وتم سەرۆک وەزیرانم، بەڵام ئەوان بە تورکی وەڵامیان دامەوە، کە (ئۆڵماز) یانی نابێ، چەند جار پرسیاریان کرد و من وەڵامم دایەوە سەرۆک وەزیران، بەڵام ئەوان دووبارە وتیانەوە ئۆڵماز)، دەوڵەتی تورک نایەوێت کورد سەرۆک وەزیرانی هەبێت نچیرڤان بارزانی خۆی ئەم قسەیەی بۆ من گێڕایەوە، ئەو شتانەی ئەو باسی کردن زۆر ڕاست بوون و ئەگەر لە ئێستاش دەپرسن دەبێت بڵێم کە دەوڵەتی تورک ئێستاش بە هەمان عەقڵییەتەوە کار دەکات".

موراد قەرەیلان لە قسەکانیدا دەڵێت "لە باشور زۆربەی سیاسەتمەداران ئاکەپە و مەهەپە بەباشی ناناسن، بەڵام ئێمە ئەوانە زۆر باش دەناسین، مەهەپە هەیە بۆ ئەوەی دژایەتی گەلی کورد بکات، ئەگەر ئەمڕۆ ئاکەپە و مەهەپە پێکەوە ڕێککەوتوون، لەبەر دژایەتی گەلی کوردە، ئەوان تەنانەت ڕێگا نادەن کۆمەڵەیەکی سەربەخۆی کوردیش پێک بێت چ بگات بە دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی".

قەرەیلان وتوشیەتی "دەوڵەتی تورک پاش ئۆپەراسیۆنی زاپ تێگەیشت کە ئەگەر لە ڕێگای باشوری کوردستانەوە ئۆپەراسیۆن ئەنجام نەدات ناتوانێت سەرکەوێت، پاش گوڵانی ساڵی ١٩٩٧ بەتایبەت پرۆژەی هاوبەشی لەگەڵ پارتی پێکهێنا، بەڵام پاش پیلانگێڕی نێودەوڵەتی دژی ڕێبەر ئاپۆ ئێمە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ پارتی و یەکێتی زۆر کەم کردەوە و تا ئەو ڕادەیە کە بە چیتر پەیوەندی لەگەڵ هێزەکانی باشوری کوردستانمان بە پێویست نەزانی".

ئەو بەرپرسە بالآیەی پەکەکە هۆشداری داوە لەوەی جارێکی دیکە تورکیا بەهاوکاری چەند لایەنێک هێرشبکاتەوە سەر قەندیل، قه‌ره‌یلان پێشتر ڕایگەیاندبوو "پێشبینی شەڕێکی قورس دەکەین لەگەڵ سوپای تورکیا لە قەندیل".

قەرەیلآن پێیوایە ئەگەر ئەوان واز لە خەباتی چەکداری بێن تورکیا دەکەوێتە لەناوبردنی هێزەکانی باشوری کوردستان، چونکە وەک ئەو دەڵێت تورکیا نایەوێت کورد گەورەبێت و کوردستانی گەورە واتە تورکیای بچوک.



PM:07:37:27/02/2017