ژمارەیەك بڕوانامەی ساختە پێشكەش بە وەزارەتی خوێندنی باڵا كراوە

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایدەگەیەنێت، ژمارەیەك لەو كاندیدانەی ناویان بۆ خوێندنی ماستەر و دكتۆرا هاتۆتەوە بڕوانامەی ساختەی زمانی ئینگلیزیان پێشكەش كردووە و توانراوە ئاشكرا بكرێن و ڕێوشوێنی یاساییان بەرامبەر دەگیرێتە بەر.

عەباس ئەكرەم، وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، لە ڕاگەیەنراوێكدا نوسیویەتی " دوای بەدواداچونێكی ورد و ئەنجامدانی ڕاست و دروستی (صحە صدور) بۆ بڕوانامەی تاقیكردنەوەی توانستی زمانی ئینگلیزی ((TOEFL-iBT, TOEFL-PBT, IELTS, PEARSON-PTE، كە لە ناوەراست و باشوری ئێراق و ناوەوەی هەرێمی كوردستان لەلایەن پێشكەشكاران بەدەست هێنراون بۆ وەرگرتن لە خوێندنی باڵا/ماستەر و دكتۆرا لە زانكۆ حكومیەكانی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی خوێندنی (2016-2017)".

ئاشكرای كردووە" دوای بەدواداچوون دەركەوتووە دەیان لەو بڕوانامانەی توانستی زمانی ئینگلیزی بە شێوەی ساختە بەدەست هێنراون و پێشكەش بە وەزارەت و ژمارەیەك لە زانكۆكان كراون".

عەباس ئەكرەم، وتوشیەتی:" لەئێستادا كاروبارەكانی ئەم پڕۆسەیە كۆتایی پێهاتوە و لە ماوەیەكی نزیك كاری پێویست ئەنجام دەدرێت".
دەشڵێت: چارەنوسی ئەو كاندید و خوێندكار و قوتابیانەی خوێندنی باڵا كە بەڵگەی ساختەی زمانیان پێشكەش كردوە بەپێی رێنمایی ژمارە (٤)ی ساڵی (2016)ی خوێندنی ماستەر و ڕێنمایی ژمارە (٥)ی خوێندنی دكتۆرا لە زانكۆكانی كوردستان بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠١٦-٢٠١٧)، كە لە ڕۆژنامەی فەرمی (وەقایعی كوردستان) بڵاوكراونەتەوە مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت، كە بریتیە لە سڕینەوەی ناوی لە خوێندن و بەرپرسیاریەتی یاسایی دەكەوێتە ئەستۆ، بە پێی یاسا و ڕێنماییەكان ڕێكاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر".



PM:01:21:28/02/2017