"بارزانی لەگەڵ لایەنە کوردستانییەکان کۆدەبێتەوە"

رۆژێک تێنەپەڕی بەسەر گەڕانەوەی بارزانی لە سەردانەکەی بۆ ئەوروپاو تورکیا، میدیاکانی پارتی ئاماژە بۆ کۆبوونەوەی بارزانی لەگەڵ لایەنە سیاسیە کوردستانییەکان دەکەن.

ماڵپەڕی "باس" ی نزیک پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەواڵێکدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە بارزانی لەگەڵ لایەنە کوردستانییەکان کۆدەبێتەوە، لەو کۆبوونەوەیەدا جگە لە باسکردن لە ئەنجامی گەشتەکەی بۆ دەرەوەی وڵات، هاوکات داوا دەکات لیژنەیەک لەهەموو لایەنەکان پێکبهێنرێت بۆئەوەی سەردانی بەغدا بکەن و گفتگۆگۆ لەسەر پرۆژەکەی عەمار حەکیم و پرسی سەربەخۆیی کوردستان بکەن.

ئەم کۆبوونەوە نوێیەی بارزانی لە کاتێکدایە کە ناوبراو بەم دوایانە لە لێدوانێکی رژنامەوانیدا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە " چیتر کۆبوونەوەی پێنج لایەنە سەرەکییەکە کۆتایی هات"، ئەمەش بەپێی بۆچوونی چاودێران مەبەستی بارزانییە هەموو حیزبە کوردستانییەکان کۆبکاتەوە، کە هەمیشە گۆڕان لەسەر ئەم پرسە ناکۆکە لەگەڵ پارتی، ئەوان پێیانوایە ئەو حیزبانە سەرباری بچوکیان، هەندێکیان لایەنگری پارتیشن.

چاودێران ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە کۆبوونەوەی داهاتووی بارزانی لەسەر چارەسەری پرسی ناوخۆی هەرێم و کاراکردنەوەی پەرلەمان و کێشەی سەرۆکایەتی هەرێم نابێت، بەڵکو بارزانی جارێکی تر کار لەسەر پرسی سەربەخۆیی دەکاتەوە.



PM:04:55:28/02/2017