بارزانی تاوانبارێكی دۆسیەی گەندەڵی ئازاد دەكات

بە بڕیاری مەسعود بارزانی، تاوانبارێكی دۆسیەی گەندەڵی، پێش ئەوەی هەموو پارەكەی بگێڕێتەوە لەزیندان ئازاد دەكرێت.

بە پێی هەواڵێكی رۆژنامەی "ئاژانس"، لەفەرمانێكی هەرێمیی كە بارزانی ئیمزا كردوە، بڕیاری ئازادكردنی حوكمدراو (فارووق ڕەسووڵ عەبدوڵڵا) دراوە.

لە نوسراوەكەدا ئاماژە بەوە دراوە كە لێخۆشبوون بۆ ئەو حوكمدراوە دەركراوە لە بەرامبەر ئەو حوكمەی ساڵی 2012 دادگای تاوانی هەولێر لە دژی دەركردووه، ئەوەش هاتووە که: ״پێش ئازادكردنی ئەو حوكمدراوە دەبێت نیوەی ئەو گوژمە پارەیەی دزراوە بە كاش بگەڕێنێتەوە و نیوەكەی تری بە شێوەی قیستی مانگانە بداتەوە״.

بە پێی بڕیاری پێشووی دادگا نابێت ئەو تۆمەتبارە ئازاد بكرێت تا سەرجەم ئەو پارانە نەگەڕێنێتەوە كە لەسەریەتی.

بە پێی زانیارییەكانی رۆژنامەكە ئەو كەسە بەڕێوەبەری گشتیی بانكی فیدراڵیی حكوومی بووە، بە وتەی سەرچاوەیەكی بانكەكە دوای ئەوەی پارەیەكی زۆر هاتووەتە ناو بانكەكە و هەندێكی وەك مووچە بۆ چەند فەرمانگەیەك ڕۆیشتووە و جەردی ژمێریاریی پارەكە كراوە و زیاتر لە دوو ملیار دینار دیار نەماوە و ئاشكرابوونی دیارنەمانی ئەو پارەیە لە چەند فەردەیەك پارەی 25 هەزار دیناریدا بووە كە نیوەی زیاتری ئەو فەردانە دەستكاری كراون و 5 هەزاریی و یەك هەزاریی تێ كراوە و دەركەوتووە كە بەڕێوەبەری بانكەكە ڕۆڵی لەو دەستكاریكردنەدا هەبووە.

لەمبارەیەوە حاكم ئەنوەر ئەحمەد، سەرۆكی دەستەی دەستپاكیی بەرۆژنامەكەی وتووە: ״بە پێی قانوون لەسەر خواردنی ماڵی گشتی و پارە هەركەسێك بگیرێت ماوەی حوكمدانەكەشی تەواو بكات ئازاد ناكرێت، تا ئەوكاتەی موڵكوماڵ و پارەكە دەگەڕێنێتەوە بۆ حكوومەت״.



PM:02:25:01/03/2017