توركیا ناوەندی هەواڵگریی لە هەرێمی كوردستان كردووه‌تەوە

بەپێی لێدوانی وتەبێژی ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە) توركیا بە مەبەستی هێرشكردنەسەر قەندیل ناوەندی هەواڵگری لەناو سەربازگەكاندا لە هەرێمی كوردستان كردوەتەوە.

لەمبارەیەوە بەختیار دۆغان، وتەبێژی ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە) كە باڵی سەربازیی پەكەكەیە بە رۆژنامەی ״ئاژانس״ی وتووە: ״ناوەندی سیخوڕیی توركیا لەناو هەرێمی كوردستان هەیە و دەیانەوێت زانیاری لەسەر گەریلا كۆ بكەنەوە، ئەوە مەترسی لەسەر باشووری كوردستانیش درووست دەکات و توركیا بنكەی سەربازی لە بامەڕنی و ئامێدی‌ و باشیك هەیە ‌و ناوەندی سیخورییش لەناو بنكە سەربازییەكاندا كراونەتەوە که‌ بە مەبەستی هێرشكردنە سەر پەكەكەیە.״

بەختیار دۆغان هۆشداریی دایە حكوومەتی هەرێم لە هاوكاریكردنی ئەو پلانەی ئەنقەرە لە لایەن لایەنەكانی هەرێمەوە و دەڵێت: ״ئەگەر هەر هێرشێك بكرێتە سەرمان هێرش دەكەینە سەر ئەو ناوەندە سەربازی‌ و هەواڵگرییانەی كە توركیا لە هەرێمی كوردستان كردوونیەتییەوە״.

سەرحەد ڤارتۆ بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پەكەكە لەمبارەیەوە دەڵێت: ״توركیا لە باشووری كوردستان دەیەوێت شەڕێكی نوێ درووست بكات‌ و ئامادەكاریی بۆ دەكات״.

وتیشی: ״توركیا كار لەسەر بەكارهێنانی پارتی دەكات لە دژی هەموو كورد‌ و بەتایبەت پەكەكە، ئەنقەرە وا پیشانی دەدات كە هەموو هێزە كوردییەكان لە دژی پارتین، گوایە ئەوانیش لە بەرانبەر ئەو هێزانە پارتی دەپارێزن ‌و ئەمە وەك كارتی فشار بەكار دەهێنێت بۆ سەر پارتی.״



PM:02:30:01/03/2017