کۆسرەت رەسوڵ: پەرلەمانی کوردستان شەڕی ناوخۆی تەحریم کردووە، داوا هەموو لایەنەکان پابەندبن پێوەی

جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، کۆسرەت رەسوڵ لەسەر شەڕی سنونێ هاتە دەنگ و دەڵێت" گەلی ئێمە لەپەرلەمانی كوردستان بەبڕیارێكی بوێرانە هەمووجۆرە شەڕ و پێكدادانێكی چەكداری براكوژی وناوخۆیی نێوان هێزولایەنە كوردیەكانی تەحریم و تەجریم كردووە ,داواكارین كە هەموو لایەنە كوردستانیەكان پابەندبن بەو بڕیارەوە".

دەقی پەیامەکە

پەیامی  كۆسرەت ڕەسوڵ عەلی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان

كۆمەڵانی خۆڕاگری خەڵكی كوردستان

كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان

پێشمەرگە قارەمانەكان

سڵاوێكی شۆرٍشگێڕانە

لەكاتێكدا گەلەكەمان بەهەلومەرجێكی سیاسی و ئابووریئێجگار سەخت و دژواردا تێدەپەڕێت و ئایندەیەكی نادیارلەڕووی دابەشبوونەوەی نەخشەی سیاسی ناوچەكە چاوەڕوانمانە , هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەدرێژایی سەدان كیلۆمەتر لەسەنگەری بەرگریكردن لە خاك و شەرەف و خاكی پیرۆزی نیشتمان لەبەرامبەر دڕتدەترین و سەرسەختریندوژمنانی مرۆڤایەتی شەو و ڕۆژیان لەیەكداوە و داستانی قارەمانێتی تۆمار دەكەن  و كۆمەڵانی بەشەرەفی خەڵكیكوردستانیش لەپێناوی سەرخستنی ئەزمونەكەیان ی بەرگەیقەیرانی سیاسی و ئابووری و بێ مووچەیی و نەبوونیخزمەتگوزاریەكان دەگرن و لە ڕەوشێكی ناجۆردا ژیانێكیسەخت بەسەردەبەن .
 كەچی بەداخەوە بەرەبەیانی ئەمڕۆهەینی 3 ی ئادار  گوێبیستی هەواڵی نەگریسی شەڕ و پێكدادانێكی چەكدارانەی نەخوازراوی نێوان دوو هێزیكوردستانی بووین , كە بۆنی شەڕی ناوخۆی نێوان براكانی لێدێت . ئێمە سەرەڕای ئیدانەی توند و مەحكومكردنی هەرجۆرەشەڕێكی ناوخۆیی نێوان هێزو لایەنە كوردستانیەكان, داوادەكەین دەستبەجێ ئاگری ئەو شەڕە نەگریسە خامۆشبكرێت و هەموولایەك خۆڕاگربن و ئارامی ڕەوشەكە بپارێزن و لایەنەكانی پەیوەست بەو كێشەیە بەدیالۆگ و گفتوگۆ لەسەركێشەكانی نێوانیان بگەنە لێكتێگەیشتن و ڕێگانەدەن ئاگریشەڕەكە تەشەنە بكات و چیتر خوێنی ڕۆڵەی كورد بەدەستی كورد نەڕژێت و مەڵۆ نەخرێتە سەر خەرمانی دوژمنانی گەلناحەزانی نەتەوەكەمان . 

گەلی ئێمە لەپەرلەمانی كوردستان بەبڕیارێكی بوێرانە هەمووجۆرە شەڕ و پێكدادانێكی چەكداری براكوژی وناوخۆیی نێوان هێزولایەنە كوردیەكانی تەحریم و تەجریم كردووە ,داواكارین كە هەموو لایەنە كوردستانیەكان پابەندبن بەو بڕیارەوە, و ڕێگا نەدرێت هیچ جۆرە بیانوویەكی بۆدابتاشرێت و زوو بە زوو كێشە و گرفتەكان چارەسەر بكرێن . 

كۆمەڵانی خەڵكی خۆڕاگر و شۆڕشگێر

هێزولایەنە سیاسیە تێكۆشەرەكان

پێشمەرگە گیان لەسەر دەستەكان

داواكارم هەوڵی بێوچانمان بۆ ئەوە بێت كە كێشە و گرفتەناوخۆیی و لابەلاكانمان وەلابنێین و هەموو هێزو تواناكانمان  ئازایانە و دڵسۆزانە بخەینە خزمەتی دابینكردنی ئایندەیەكی گەش بۆ میللەتەكەمان و نەوەكانی داهاتوومان . دڵسۆزی بۆ كوردایەتی و خەباتی نەتەوەیی پێوەری ڕاستەقینەمان بێت لەپێناوی بەدەستهێنانی مافی چارەی خۆنووسینمان و ڕزگاری یەكجاری و سەربەخۆیی نەتەوەییمان .

بۆ پێشەوە بە ئومێدی سەركەوتنی یەكجاری

 

                                     كۆسرەت ڕەسوڵ عەلی

                           جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانیكوردستان



PM:06:04:03/03/2017