عەبادی لە هەولێرەوە گەیشتە سلێمانی

بارزانی و تاڵەبانی و دیداری سلێمانی بەرنامەی سەرۆکی وەزیرانی عێراقە لە هەرێم و دوای بینینی بارزانی گەیشتە سلێمانی و سەردانی تاڵەبانی کرد.

كه‌مێك له‌مه‌وبه‌ر حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق گه‌یشته‌ شاری سلێمانی و له‌لایه‌ن هه‌ریه‌ك له‌ كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لی و د. به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح جێگرانی سكرتێری گشتی یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان و قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم و سه‌ردار قادر پارێزگاری سلێمانی و چه‌ند به‌رپرسێكی تری  ئیداری شاری سلێمانی پێشوازی لێكرا و دواتر عەبادی سەردانی تاڵەبانی لە گردی دەباشان لە باکوری شاری سلێمانی کرد.

سەبارەی بە سەردانەکەی نووسینگەی ڕاگەیاندنی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات لە کۆبوونەوەی خۆی و بارزانیدا،  هەردوولا ستایشی سەرکەوتنەکانی شاری موسڵیان کردووە لە دژی داعش و جەختیشکراوەتەوە لە هەماهەنگی و کاری هاوبەشی نێوان هەرێم و بەغدا.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە گفتوگۆ کراوە دەربارەی ئەوەی بارودۆخەی کە ئێستا عێراقی پێدا تێپەڕ دەبێت، وا لە هەموولایەک دەخوازێت کە گوتاری سیاسی یەکبخەن.

هەروەها جەختکراوەتەوە لە هەماهەنگی و لێکتێگەیشتنی هاوبەش لە نێوان سەرجەم هێزەکاندا، لە ناویشیاندا هێزەکانی پێشمەرگە.

لەلایەکی دیکەوە ماڵپەڕی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، لە دیدارەکەی نێوان بارزانی و عەبادی و شاندی یاوەری، گفتوگۆ کراوە دەربارەی پێشڕەوییە مەیدانییەکانی ئۆپراسیۆنی ئازادکردنی موسڵ.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە هەردولا جەختیانکردووتەوە لە هەماهەنگی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق، لە پێناو مسۆگەرکردنی شەقامگیری و ڕووبەڕووبوونەوەی شێوازەکانی دیکەی تیرۆر لە دوای تێکشکاندنی داعش.  

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتی هەرێم، هەر لە دیدارەکەی نێوان عەبادی و بارزانی تاوتوێی قۆناغی دوای داعش و بارودۆخی سیاسی ناوچەکەش کراوە.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و پڕۆسەی سیاسیی عێراق تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەکە بووە.

حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ دوای سەردانێکی موسڵ، سەردانی هەولێری کرد و لە فڕۆکەخانەی هەولێر لەگەڵ بارزانیدا کۆبووەوە. سەر لە ئێوارەی ئەمڕۆش گەیشتە سلێمانی و سەردانی تاڵەبانی کرد و بڕیاریشە سبەینێ بەشداری پێنجەمین دیداری سلێمانی بکات لە زانکۆی ئەمەریکی کە تایبەتە بە قۆناغی دوای داعش.



PM:07:37:07/03/2017