عەلی باپیر لە بارەی هەڵبژاردنەکەی ئەمساڵەوە هاتە دەنگ

عەلی باپیر، ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی بۆچوونی خۆی لەسەر هەڵبژاردنە چاوەڕوانکراوەکەی ئەمساڵی پەرلەمان و سەرۆکایەتی هەرێمی ڕاگەیاند و دەڵێت هیچ ئەڵتەرناتیڤێکی ترمان نییە لەبەرامبەر هەڵبژاردن.

لە میانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی ئەنادۆڵی تورکی، عەلی باپیر ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی ڕایگەیاند "ئێمە لە خۆ ئامادەکردن داین هەرچەندە چەند ساڵێکە بوودجە و ئیمکانیاتی ماددیمان بڕدراوە، ئێمە زیاتر پشت بەلایەنی مەعنەویی دەبەستین، داواش دەکەین کە هەڵبژاردنەکان لە وادەی خۆیاندا ئەنجام بدرێن، چونکە خەڵک تووشی نائومێدییەکی زۆر بووە".

هەروەها لەبارەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستانەوە ڕایگەیاند، هیچ ئەڵتەرناتیڤێکی دیکەیان نییە لە بەرامبەر هەڵبژاردندا و دەبێت بگەڕێنەوە بۆ سندوقەکانی دەنگدان ئومێدیشمان وایە کە ئەوەی لە ڕابردوودا کراوە له‌ ساختەکاریی لە هه‌ڵبژاردن و دەنگداندا، ئەمجارە نەکرێت، چونکە خەڵک زیاتر نائومێد دەبێت..

عەلی باپیر مەترسیی ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکان باس دەکات و دەڵێت "من دڵسۆزانە دەیڵێم کە نائومێدکردنی خەڵک زۆر خەتەرە، لەبەر ئەوەی سەرەڕای ئەو قەیران و نائومێدبوونەی خەڵک، دواجار چاوەڕێی ئەوە دەکەین کە هەڵبژاردنێکی دادپەروەرانە ئەنجام بدرێت و لە حاڵەتی هەبوونی ساختەکاریدا زۆر نزیكه‌ خەڵک بیر لە شتی دیکە بکاتەوە و دواجار بەشکستی كۆی هه‌رێم کۆتایی پێبێت"

ئەمەش لە کاتێکدا دێت حکومەتی هەرێم بڕى ٢٢ ملیار دینارى تەرخانکردووە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی هەرێم و پەرلەمانی کوردستان.



AM:10:02:09/03/2017