هەرچەندە بارزانی و پارتی ماوەیەکی زۆرە ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە تورکیا لەگەڵ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستاندایە، بەڵام ئەمڕۆ جارێکی تر ئۆردوغان رایگەیاند" رێگانادەن سوریا و عێراق لەیەک دابەشبکرێن".
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەری نێوان ئۆردوغان و بۆتین لە دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای ھەماھەنگی نێوان تورکیا و رووسیا، ئۆردوغان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە رێگا نادەن عێراق و سوریا دابەشبکرێت.
سەرۆکی تورکیا لەو کۆنگرەیەدا ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە کورد خۆیان پەکەکە لە شەنگال دەردەکەن و سەرەتای ئەو پرۆسەیە دەستی پێکردووە. ( وەک هەردوو ماڵپەڕی هەبەرلەر و هەبەرسیستی بڵاویان کردۆتەوە ).
ئۆردغان داوای لە روسیاش کرد چالاکییەکانی پەیەدە لە وڵاتەکەی راگرێت و وتیشی " داوا لە رووسیا دەکەین دەستبەجێ چالاکییەکانی پەیەدە لە رووسیا راگرێت".
هەروەها ناوبراو وتیشی" پێویستە جگە لەداعش بەرامبەر بە رێکخراوی دیکەی تیرۆریستیش نیشانی بدەین. بۆیە بە تایبەتی چاوەڕێ دەکەین، دەستبەجێ کۆتایی بە چالاکییەکانی پەیەدەی باڵی پەکەکە لە مۆسکۆ بێت".
ئەمڕۆ لەمۆسکۆ کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای ھەماھەنگی نێوان تورکیا و رووسیا سازکرا.