هۆشیار عەبدولآ: ئەو داتایانەی وەزیری نەوتی عێراق پێیداوین، پێمان دەڵێت: سەرفنەکردنی موچە کێشەکەی نەبونی پارە نی یە

پەرلەمانتارێکی گۆڕان رایگەیاند" پرسیارمان لە وەزیری نەوتی عێراق کردووە ئەو داتایانەی ئەو وەزیرە پێیداوین  سەبارەت بە نەوتی هەرێم، ئەیسەلمێنێ سەرفنەکردنی موچە کێشەکەی نەبوونی پارە نییە" .

هۆشیار عەبدولآ پەرلەمانتاری گۆڕان لە لێدوانێکدا بۆ سپی رایگەیاند" لە کۆتایی مانگی یەکی ئەمساڵ چەند پرسیارێکی پەرلەمانیم ئاراستەی(جبار علی حسین اللعیبی)وەزیری نەوتی عیراق کرد سەبارەت بەوەی ئایا هەرێم لە ڕۆژێکا چەند بەرمیل نەوت ئەفرۆشی ؟ ئایا چارەنوسی داهاتەکەی چیە ؟ وە ئایا وەزارەتی نەوتی عێراق هیچ چاودێری و ئیشرافێکی هەیە بەسەر پرۆسەی فرۆشتنی نەوتی هەرێمەوە ؟".
ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت" ڕۆژی ٥ ی ئازار بە فەرمی وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە بەم شێوەیەی خوارەوە ؛ لە ساڵی ۲۰۱٦ دا ، هەرێم 183,642,057 بەرمیل نەوتی ناردۆتە دەرەوە کە ئەکاتە نزیکەی 502 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە و نسبەتی %13 ی کۆی نەوتی نێردراوی عێراق ئەکا ". 

ئەو پەرلەمانتارە بەشێکی تری زانیاریەکانی وەزیری نەوتی عێراق ئاشکرا دەکات و دەڵێت " وەزیر لەوەلآمەکەیدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە هیچ زانیاریەکیان دەربارەی داهاتی ئەو نەوتە نیه ، وە وەزارەتەکەشیان سەڵاحیەتی ئەوەی نیە کە کۆنتڕۆڵ و سەرپەرشتی پرۆسەی فرۆشتنی ئەو نەوتە خاوە بکا کە هەرێم ئەیفرۆشێ".

پەرلەمانتارەکەی گۆڕان دەڵێت " لێرەوە بڕوانن ، بە ڕێژەی لە سەدا سیانزەی نەوتی فرۆشراوی عێراق هەروەها نسەبەتێکی باشی قاچاغ ، زائیدەن ئەو هەمو داهاتەی باج و ڕسوماتەی ناوخۆ ،  دەسەڵاتدارانی هەرێم  ئەیانەوێ بڵێن پارەمان نیە بۆیە ناتوانن موچە بدەین، بەڵام عێراق موچەی پانزە پارێزگا ئەدا ، ئەوە جگە لە مەسرەفی شەری داعش و کێشەی ئاوارەکان و چەندین بارگرانی تری کاری دەوڵەتی کە لە ئەستۆیدایە".

هۆشیار عەبدولآ پێیوایە" ئەوە خۆڵکردنە چاوی خەڵک وشێواندنی حەقیقەت و جۆرێکە لەگوتاری شەعبەوی کە محامیەکانی ئەو کابینە شکست خواردوەی حکومەت ئەڵێن ژمارەی موچە خۆر زۆرە بۆیە موچەمان پێ نادرێ ، خۆ داکۆکی لە سیاسەتی زۆری فەرمانبەر ناکەم و بە پرۆسەیەکی سیاسی و حزبی و بۆ دەنگکرین و ئینتیما کڕین پارتی و یەکێتی خەڵکیان دامەزراندوە ، بندیوار و موچەی قەبە و دو موچەیی هەموی ئیبداعی خۆیانە، بەڵام پارەی داهاتی نەوت هەیە و ئەبرێ ، تاڵان ئەکرێ ، بۆ ئەشخاص و ئەحزاب تەرخان ئەکرێ". 
ئەو پەرلەمانتارە باس لەوە دەکات کە فرۆشتنی نەوت بە شێوەی سەربەخۆ وایکردوە خەڵکی هەرێم بێ موچە بن ، پارەیەکی زۆری نەوت و داهاتی ناوخۆ لە هەرێمدا هەیە ، شەڕی مافیاکان لەسەر پچڕاندنی زۆرترین نسبەت بۆ خۆیان ، وایکردوە خەڵکی هەرێم بێ موچە ژیانێکی سەخت بەڕێبکەن .




PM:04:45:12/03/2017